فالح ساری وەزیری دارایی عێراق، بە فەرمی پێشنیاری كردووە مووچەی فەرمانبەرانی پلەنزمەكان زیاد بكرێت، لە هەمانكاتدا پەرلەمان دەڵێ، “ناكرێت جارێ دەستكاری خشتەی مووچە بكرێت”.
لەمبارەیەوە ئەمڕۆ یەكشەم 30ی ئاب، ماڵپەڕی (وشە) لەسەر زاری محەمەد ئەبوعیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق بڵاوی كردۆتەوە، یاسای رێكخستنەوەی مووچەی فەرمانبەران كە لەلایەن حكوومەتەكانی پێشوو پێشنیار كراوە، لەگەڵ 34 مادەی یاسایی دژ بە یەكترن، بۆیە دەبێت ئەو كێشە یاساییانە چارەسەر بكرێن، ئینجا خشتەی مووچە رێكبخرێتەوە.
زیاتر نووسراوە، ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای دەكات كە وەزیری دارایی پێشنیاری كردووە، مووچەی پلەنزمەكان بەرز بكرێتەوە، ئەمەیش وەك رێكارییەكی كاتی بۆ چاكتركردنی بژێوی ئەو فەرمانبەرانەی مووچەكانیان كەمە.
بەپێی هەندێك ئاماری فەرمی عێراق زیاتر لە 80% بودجەی عێراق لە مووچە خەرج دەكرێت.


































































