نووسین و ئامادەکردنی: کرێکار قادر ڕوستایی
نوسەر و شارەزا لەبواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری
پاراستنی تەندروستیی مرۆڤ پشت بە هاوسەنگییەکی وردی بایۆلۆجی دەبەستێت، کە تێیدا زانست و بنەما سروشتییەکان تەواوکەری یەکترن. کەڵەشاخ وەک یەکێک لە ڕێکارە کۆنەکانی پزیشکیی ڕەسەن، لە سەردەمی مۆدێرندا لە ڕوانگەیەکی فیزیۆلۆجیی وردەوە شیکاری بۆ دەکرێت، بەتایبەت لە بواری ڕێکخستنەوەی سووڕی خوێن، چالاککردنەوەی کۆئەندامی لیمفایی، و پاککردنەوەی شانەکان لە پاشماوەکان. تێکەڵکردنی ئەزموونی مێژوویی لەگەڵ بنەما زانستییە سەردەمییەکاندا، دەبێتە پردێکی متمانەپێکراو بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی و تەندروستی بۆ جەستە.
میکانیزمی زانستیی کاریگەریی کەڵەشاخ لەسەر دەوالی لە قاچەکاندا :
١_ باشترکردن و چالاککردنی سووڕی خوێنی (Microcirculation) ئەنجامدانی کەڵەشاخ لە ناوچەی ڕێگەپێدراو بەپێی زانستی ئەناتۆمی جەستەی مرۆڤ ئەگەر لە دەوروبەری دەوالی کەڵەشاخ ئەنجام بدرێت، یارمەتیی فراوانکردن و چالاککردنی موولولە وردەکانی خوێن (Capillaries) دەدات. ئەمەش پەستانی دواوە (Back-pressure) لەسەر خوێنبەرە تووشبووەکان کەمدەکاتەوە و یارمەتیی گەڕانەوەی خوێن دەدات بەرەو دڵ.
٢_ دەردانی ئۆکسایدی نایتریک (Nitric Oxide – NO): دروستکردنی پەستانی نەرێنی (مژین) لەسەر پێست، هانی خانەکانی ناوپۆشی بۆڕییەکانی خوێن (Endothelium) دەدات بۆ دەردانی ماددەی ئۆکسایدی نایتریک. ئەم ماددەیە دەبێتە هۆی خاوبوونەوە و کرانەوەی دیواری بۆڕییەکانی خوێن، کە ئاسانکاری بۆ ڕۆیشتنی خوێن دەکات.
٣_ کەمکردنەوەی خەستی خوێن (Blood Rheology) لە ڕێگەی کەڵەشاخی خوێناوی (Wet Cupping) لە خاڵە سەرەکییەکان (وەک خوارووی پشت یان بەشی سەرەوەی قاچ)، کۆئەندامی سووڕی خوێن لەو خوێنە خەست و کەمئۆکسجینە پاک دەبێتەوە کە لە خوارەوەی لەشدا سست بووە، ئەمەش خەستی خوێن (Viscosity) کەمدەکاتەوە و مەترسیی مەیین (Thrombosis) دوور دەخاتەوە.
٤_ ڕاکێشانی شلەی لیمف و کەمکردنەوەی ئاوسان (Lymphatic Drainage) کێشەی دەوالی زۆرجار دەبێتە هۆی دزەکردنی پلازما و کۆبوونەوەی شلە لە نێوان شانەکاندا (Edema). کەڵەشاخ یارمەتیی کردنەوەی بۆڕییە لیمفاوییەکان و ڕاکێشانی ئەو شلە کەڵەکەبووانە دەدات، بەمەش ئاوسان و قورسایی قاچەکان کەم دەبێتەوە.
٥_ پاککردنەوەی شانەکان لە پاشماوەکان (Metabolic Waste Clearance) بەهۆی وەستانی خوێن لە ڕەگەکانی دەوالیدا، ماددە ترشەڵۆکەکان و پاشماوەی خانەکان (وەک ترشی لاکتیک) لە قاچەکاندا کۆدەبنەوە و دەبنە هۆی ئازار و گرژبوونی ماسولکە. کەڵەشاخ خوێنی تازە و ئۆکسجیندار بۆ ناوچەکە ڕادەکێشێت و پاشماوەکان فڕێدەداتە دەرەوە.
تێبینی: ڕێسای زانستی بۆ سەلامەتی و ئەنجامدانی کەڵەشاخ (Contraindications) قەدەغەیە ڕاستەوخۆ و بە هیچ شێوەیەک نابێت کوپەکانی کەڵەشاخ بخرێنە سەر خودی ڕەگە ئاوساو و دەرپەڕیوەکانی دەوالی. دیواری خوێنبەرەکانی دەوالی زۆر لاواز و تەنکن، و کڵاوەکانیان (Valves) لەکار کەوتوون. دروستکردنی پەستان لەسەریان، لێدانی کوپ، یان بریندارکردنیان دەبێتە هۆی تەقینی خوێنبەرەکە، خوێنبەربوونی ژێرپێستیی توند، یان دروستبوونی لۆچە خوێنی مەترسیدار کە ڕەنگە بگوێزرێتەوە بۆ بەشەکانی تری لەش (DVT).


































































