وەرزش ـ زاری کرمانجی:
رۆژ دوای رۆژ پاڵپشتانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ زیاتر دەبن، بەشێوەیەک لەسەر ئاستی سەرۆکی وڵاتانایش پشتگیری موشەکەکەی مادێرا دەکەن.
دوای یاریی یەکەمی پۆرتوگال لەقۆناخی کۆمەڵەکانی یارییەکانی جامی جیهانی، فێرناندۆ سانتۆس راهێنەری پۆرتوگال، کریستیانۆی کردە یەدەگ، بەمەیش شەپۆڵی ناڕەزاییەتیەکان کەوتە سەر راهێنەرە پۆرتوگالییەکە، ئەو شەپۆڵانە ئەو ساتە زێتر بوون، کە لەیاریی قۆناخی چارەگی کۆتایی بەرانبەر مەغریب هەمان کاری دووبارە کردەوە و، یارییەکەش لەسوودی هەڵبژاردە ئەفریقییەکە تەواو بوو.
دوای یاریی فرمێسکەکانی رۆناڵدۆ، تینی زیاتری دایەبەر هاوسۆزانی بەفراوانی بەڕووی ئەو بڕیارانەی راهێنەری پۆرتوگال تەقینەوە و، بەهۆکاری سەرەکی کرانە دەرەوەی هەڵبژاردەکەیان زانی.
رۆژ دوای رۆژ، مشتومڕی زیاتر دێتە بەرباس و، لێکدانەوەی جیاواز لەم بابەتە دەکرێت.
لەنوێترین پێشهاتدا، رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆککۆماری تورکیا، باسی رۆناڵدۆ دەکات و دەڵێت “گەمارۆی سیاسیی دراوە.”
ئەردۆگان، لەنوێترین لێدوانەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات: “بەداخەوە کریستیانۆ رۆناڵدۆ ـیان لەناوبرد و، گەمارۆی سیاسییان بەسەردا سەپاند و خستیانە یەدەگ. لەنیوەی دووەم پشتیان پێبەست. پێموایە ئەو رەفتارە دەرونی ئەوی لەناوبرد و وزەی بەفیڕۆدا. ئەو کەسێکە بەرگری لە دۆزی فەلەستین دەکات.”
لەدرێژەی باسی رۆناڵدۆ، رەجەب تەیب ئەردۆگان، قسە لەسەر داهاتووی دەکات و، رایگەیاند: “داهاتووی رۆناڵدۆ لەسعوودییە دەبێت و، ئەو بەڕێگەوەیە بەرەو ئەو وڵاتە.”
رۆناڵدۆ، تا ئێستا یانەی داهاتووی دیارینەکردووە و دەنگۆکان ناوی ئەو ئەفسانە پۆرتوگالییە، بەیانەکانی ریال مەدرید، چێڵسی، سپۆرتینگ لشبۆنە و نەسری سعوودی دەبەستنەوە.