حەیدەر عەبوودی، گووتەبێژەی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند” هەڵمەتی لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک وەزیران و بە پشتیوانیی دەسەڵاتی دادوەری بەردەوامە. ئاشکراشی کرد کە دەستەی دەستپاکی زیاتر لە ٢٦ هەزار ڕاپۆرت و سکاڵای گەندەڵی پێگەیشتووە.”

گووتەبێژی حکوومەتی عێراق، ئاشکرای کرد لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا توانراوە زیاتر لە یەک ترلیۆن و ٣٥٩ ملیار دینار لە پارە و موڵکی بەتاڵانبراو بۆ گەنجینەی دەوڵەت بگەڕێنرێتەوە.
عەبوودی جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەت ڕێکاری جدی گرتووەتە بەر بۆ ڕێگری لە گەندەڵی، لەوانە وردبینیکردنی پێشوەختە لە سەرجەم گرێبەستە حکوومییەکان و بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوەکان بە مەبەستی کەمکردنەوەی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هاووڵاتییان لەگەڵ فەرمانبەران و بنبڕکردنی بەرتیلوەرگرتن.
” بەپێی یاسای پاداشتی زانیاریدەران، هەر کەسێک بەڵگە لەسەر گەندەڵی بدات، ٥٪ی کۆی ئەو پارەیەی بەهۆی زانیارییەکەیەوە دەگەڕێندرێتەوە وەک پاداشت وەردەگرێت.” (حەیدەر عەبوودی وای گووت).


































































