مستەفا دۆلەمەری- زاری کرمانجی
بە گۆتەی گەشتوزاری ئیدارەی سۆران، بۆ سەری ساڵ زۆربەی ڤیلا و خانووە شوێنە گەشتیارییەكانی سۆران گیراون و پێشبینی هاتنی گەشتیارێكی زۆر دەكرێت بۆ سنوورەكە.
کەمال خودادە، لە راگەیاندنی گەشتووگوزاری ئیدارەی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند:” بۆ سەری ساڵ چەند ئاهەنگێک لە شوێنە گەشتیاریەکان بەڕێوەدەچن وەک چیای کۆرەک ئاهەنگی بڵند ئیبراهیم هەیە شوێنی مانەوە هەموو گیراون, مێز هەیە کە نزیکەی ٦٠دۆلار بە کرێ دراون، هۆتێل دیانا پالاسمان هەیە تەواوی هۆتێلەکە قەپات بوون دوو گروپی گەشتیاری بە كرێ گرتوویانە کە لە سلێمانی هاتوون، ئەگەر بەفر ببارێت چاوەرێی رێژەیەکی زۆری گەشتیار دەکەین بۆ سنوورەكەمان”.
گوتیشی:” حکوومەتی هەرێم بڕیاری داوە، هیچ ئاهەنگێکی حکوومی و بۆنەیەکی فەرمی بۆ ئاهەنگی سەری ساڵ ئەنجام نەدرێن، بەهۆی ئەو کارەساتەی لە سلێمانی روویدا و تەقینەوەی غاز، بەڵام کەرتی تایبەت ئاهەنگ ئەنجام دەدات”.
ئاشكراشی دەكات: ” له بەرێوەبەڕایەتی گشتی گەشتوو گوزاری سۆران، لێژنەی چاودێریمان دەبێت لەسەر شوێنە گەشتیارییەكان و ئەو جێگەیانەی کە بۆنەو ئاهەنگیان هەیە بۆ سەری ساڵ.”