کۆبوونەوەیەک لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی ئۆتۆمبێلی گەشتیاری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کرا و بڕیارێک دەدرێت بەمنزیکانە هاووڵاتییان و گەشتیاران دەتوانن بە ئۆتۆمبێلەکانی خۆیان سەردانی ئێران بکەن.
ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، بڵاوی کردەوە: “مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاریی دەروازەی نێودەوڵەتی بە ئامادەبوونی بەرێوەبەران و بەرپرسانی دەروازە پێشوازیان لە خاتوو حۆریوەش عەسکەری، بەرێوەبەری دەرچوواندنی بەڵگەنامەکانی نێودەوڵەتی ئۆتۆمبێل لە ئێران و مەهدی علمدار، بەرێوەبەری پەیوەندییەکان و گەشەپێدانی هاوکاری نێودەوڵەتییەکانی ئێران و شاندی یاوەریان کرد.
ئاماژەبەوە دراوە، لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە سەر کێشە و گرفتەکانی بەردەم چوونی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران بە ئۆتۆمبێلە تایبەتییەکانی خۆیان کرا.
جەخت کراوەتەوە، لە دوای دانوستاندن و گفتوگۆیەکی درێژ و دانانی رێکار و میکانیزمێکی گونجاو بۆ رێکخستن و رێگەپێدان و چوونی ئۆتۆمبێلی گەشتیاری هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی ئێران گیرانەبەر.
ئەوەش هاتووە: “لە دوای تەواوکردنی رێکارە پەسەندکراوەکان بە زووترین کات لە ماوەیەکی کورتدا ئەم بابەتە چارەسەر دەکرێت و هاووڵاتییان و گەشتیاران دەتوانن بە ئۆتۆمبێلەکانی خۆیان سەردانی ئێران بکەن و پاشان ئاگاداری گەشتیاران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.”


































































