ن/ محەممەد عیماد سرێشمەیی
خەڵكێكی زۆر دەڵێن ترس شتێكی ڕاست نییە، بەلای منەوە ئەمە بێمانایە، هەریەك لە ئێمە شتگەلێك هەیە لێی دەترسێت، هەر ترسە وای لێ كردووین كە چەندین كار كە پێویست بوو بیكەین نەمان كردووە، ترس دەتوانێت ڕێگر بێ لەبەردەم زۆر شتدا، پێویستە ئەوە بزانیت كە ترس شتێكی ڕاستییە و دەبێت زاڵ بیت بەسەریدا.
١. واتای ترس و كاریگەرییەكانی:
ترس چییە؟
ترس حاڵەتێكی دەروونی و فیسیۆلۆجییە و هەموو زیندەوەرەكان بە مرۆڤیشەوە هەستی پێ دەكەن و تووشی دەبن. مرۆڤ هەر لە سەرەتای ژیانی و بگرە لەگەڵ لەدایكبوونیدا ترس لەناخیدا چەسپاوە، وەك منداڵێكی ساوا كە گوێی لە دەنگێكی بەرز دەبێت، یەكسەر كاردانەوەی هەیە بۆی. هیچ كەسێك نییە كەم یان زۆر ترسی نەبێت لەو مەترسییانەی كە پەیوەندی بە ژیانییەوە هەیە. لە پێناسەیەكی تردا گوتراوە: ئەو كارەی كە دەتەوێت ئەنجامی بدەیت و نەتوانی ئەنجامی بدەیت، جا ئەمە لە شوێنی كارەكەت بێ یان ژیانی تایبەتیت یا لە هەر بوارێكی دیكەدا بێ، ئەمە پێی دەگوترێت ترس.
ترس پەیوەندیی نییە بە قۆناخێكی دیاریكراوی مرۆڤەوە، بەڵكوو لە هەموو كاتەكانی تەمەنیدا دووچاری دەبێت و بەپێی ساتەكانی گەورەبوونی مرۆڤ ئەویش گەورە دەبێت و زیاد دەكات و جۆری جیاوازی لێ پەیدا دەبێت. هەندێك ترس هەیە كاتییە، ئەمەیان تەندروستە و بۆ ماوەیەكە و دێت و دەڕوا، ترسیش هەیە جێگیر و هەمیشەییە.
ساڵەكانی سەرەتای ژیانی مرۆڤ بە گرنگترین قۆناخی دروستبوونی ترس دادەنرێت، چونكە ئەم سەرەتایە بنەما و بناغەی دروستبوون و گەشەی مێشكی مرۆڤە و ترسیش پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە مێشكی مرۆڤەوە، بەتایبەتی ٣ ساڵی سەرەتای ژیانی منداڵی. دكتۆر وەلید فوتەیحی دەڵێ: ترس ڕاستەوخۆ كار دەكاتە سەر مێشكی مرۆڤ بەتایبەتی ئەو بەشەی پێیدەوترێ شاخی ئامون (Hippocampus)، ئەم بەشەی مێشك بەرپرسە لە فێربوون و لە گەیاندنی زانیاریی لە یادگەی كورتمەودا بۆ یادگەی درێژمەودا، هەروەها بەرپرسی دروستبوونی خانەی تازەی پەیوەست بە یادگەیە، ترسی بەردەوام وا دەكا ئەم بەشەی مێشك وردە وردە سست بێ و بپووكێتەوە.
هەروەك چۆن لەكاتی نەخۆشكەوتنی جەستەییدا، نیشانەی جیاواز لە جەستەی مرۆڤە نەخۆشەكەدا دەردەكەوێت، بە هەمان شێوە مرۆڤ كاتێك تووشی ترس دەبێ چەندین نیشانەی لێ دیاری دەدات، دەتوانین لێرەدا باسی چەند نیشانەیەكی ترس بكەین كە لە كاتی هەستكردن بە ترس لەسەر شكل و ڕوخساری مرۆڤەكان دەردەكەون. لە پێشدا باسی ئەوەمان كرد كە ترس پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە مێشكی مرۆڤەوە هەیە، بۆیە لە كاتی هەستكردن بە ترس ڕێژەی دەردانی هۆڕمۆنی كۆرتیزۆن زیاد دەكا،
ئەمەش دەبێتە هۆی:
– زیادبوونی لێدانی دڵ.– بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.– سووربوونەوەی دەموچاو.– خراپبوونی هەناسەدان.– كەمخۆریی و كەمخەویی.– گەورەبوونی بۆرییەكانی خوێن.
– ڕەقبوونی ماسولكەكان و چەندەین كاریگەری نەرێنی تر.
بەردەوامبوونی ترس لە دەروونی هەر مرۆڤێكدا، كار دەكاتە سەر كۆمەڵێك سیفەتی مرۆڤ، لەوانە:
– لەدەستدانی بڕوابەخۆبوون.– تێكچوونی خەو.– سەرهێشەی بەردەوام.– دوودڵی و دڵەڕاوكێ.– كەمبوونەوەی بەرگریی لەش.– كەمبوونی تەركیز.– هەستكردن بە شەرمەزاریی و كەمی خۆت.
- جۆرەكانی ترس:
پسپۆڕی دەروونناس دكتۆر (محەممەد موترەك ئەلقەحگانی) دەڵێ: ترس دوو جۆری زۆر سەرەكی هەیە، ئەوانیش بریتین لهـ ترسی سروشتی و ترسی نەخۆشی. واتە ترسی سروشتی ئەوەیە كەسەكە لەوە دەترسێ كە نزیكی ئاگرێك بێت یاخود كارەبا یاخود لە گیاندارێكی دڕندە بترسێ، ئەم ترسە سروشتییە و بەڵكوو پێویستیشە مرۆڤ ئەم جۆرە ترسانەی هەبێ. لەبەرئەوەی خۆیان ترسناكن و زیانیش بە مرۆڤ دەگەیەنن، بەڵام جۆری دووەم كە ترسی نەخۆشییە، ئەو جۆرەیە كە پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بكرێت. لەم جۆرەدا كەسەكە لە شتانێك دەترسێ كە لە بنەڕەتدا جێگای ترس نین و مرۆڤەكان خۆیان دروستیان كردووە بۆ زاتی خۆیان، وەك ترس لە قەرەباڵغی و لە تەنیایی و لە شوێنی بەرز و لە تاریكی … ھتد. ئەم جۆرە ترسە والە مرۆڤ دەكا كە ھەمیشە غەمبار و دوودڵ و خەمۆك دەركەوێ، لە ئەگەری بەردەوامبوونیدا مرۆڤ ڕووبەڕووی كۆمەڵە شت دەكاتەوە كە لە كۆتاییدا بۆی چارەسەر نابێ. ئەم ترسە كارێكی وادەكا ھەر تاقیكردنەوەیەك یاخود ھەر گۆڕانكارییەك لە ژیانیدا كە بیەوێ ئەنجامی بدات، ترس دەبێتە ڕێگر لەبەردەمیدا و وای لێدەكا سەركەوتوو نەبێ.
ترسی نەخۆشی بەگشتیی ئەم جۆرانەی ھەیە:
١- ترس لە شوێن و جێگای داخراو: ئەم جۆرەیان ترسێكی ھەرە باوی ناو مرۆڤەكانە و ٦٣%ی خەڵك لەم جۆرە ترسەیان ھەیە، بەتایبەت لەناو ئافرەتاندا زیاتر ھەستی پێ دەكرێت.
٢- ترسی كۆمەڵایەتی: ئەم جۆرە ترسەی مرۆڤ لەكاتی چاوپێكەتن لەبەردەم كامێرادا یاخود قسەكردن بۆ ژمارەیەكی زۆری خەڵك و ڕەخنەگرتن لە قسەكانی دروست دەبێ.
3- ترس لە نەخۆشی: ھەندێك لە مرۆڤەكان بەردەوام وا ھەست دەكەن تووشی نەخۆشی دەبن، بەتایبەت نەخۆشییە قورس و گرانەكانی وەك نەخۆشی شێرپەنجە، كە بە نەخۆشییەكی كوشندە ناسراوە، بەتایبەت لە وڵاتی خۆماندا.
٤- ترس لە مێروو و ئاژەڵ: كە ئەمەش زۆربەی كات لەناو ژنان و منداڵاندا بەدی دەكرێ.
٥- كۆمەڵیك ترسی تر ھەن كە مرۆڤ بەبێ ھۆ تووشی خۆی دەكا، وەگەرنا ھەر لەگەل تێپەڕبوونی تەمەندا ڕوودەدا، وەك ترس لە پیری.
٦- ترس لە داھاتوو: ئەمەش دەبێتە ھۆی دروستبوونی ئازاری دەروونی و وا دەكا ئەو مرۆڤە بە بەردەوامی بیر لە داھاتوو بكاتەوە و لە شتانێك دەترسێ كە ھێشتا ڕووی نەداوە و لەوەش ناچێ ھەر ڕوو بدەن، بەڵام ئەم مرۆڤانە كۆمەڵە شتێك بۆ خۆیان دروست دەكەن كە لە حاڵی حازردا بوونیان نییە. ھەربۆیە پێویستە فێری ئەوە بین كە بیری خۆمان ئەوەندە بە داھاتوو و شتی خەیاڵییەوە سەرقاڵ نەكەین، بەڵكوو بە بیرێكی فراوان و واقیعییەوە پڕۆژەكانمان دابڕێژین و كار بۆ بەدیھاتنیان بكەین و ئەنجامەكانی بھێڵینەوە بۆكاتی خۆی.
٣. چەند ڕێگایەك بۆ دەربازبوون لە ترس:
گرنگی و ھەستیاری ترس و كاریگەرییەكانی لەسەر مرۆڤ، وایكردووە قسە و باسی زۆری لەبارەوە بكرێ و لە چەندین ڕووشەوە باسی چۆنێتی دەربازبوون و ڕزگاربوون لێی كراوە، لێرەدا باسی گرنگترینی ئەو ڕێگایانە دەكەین كە دەبنە مایەی ڕەواندنەوەی ترس لای مرۆڤ:
١- پشتببەستە بەخوای گەورە و بڕوات ھەبێ بەوەی كە ھەموو ژیانمان لە دەستی پەروەردگاردایە و ھیچ شتێكیش بەبێ ئیڕادەی ئەو نایەتەدی.
٢- ھەوڵبدە زانیاری دەربارەی ترس فێرببیت، تاوەكو بزانیت ترس چییە و چارەسەریشی چییە، دواتر بزانە بە دیاریكراوی لەچی دەترسیت، واتە چ بابەتێك یان ڕووداوێك ترسی لە دڵتدا دروست كردووە تا ھەوڵبدەیت ئەو ترسە لە دڵتا بڕەوێنیتەوە.
٣- پێویستە ترس ھەر لە قۆناغی منداڵیدا بنەبڕ بكرێ تاوەكوو لەگەڵ گەورەبوونی منداڵەكەدا گەورە نەبێ، لەگەڵ ئەوەشدا منداڵ فێر بكرێ كە چۆن داوای یارمەتی لە كەسانی گەورە بكات، كاتێك تووشی حاڵەتێكی نەخوازراو دەبێ كە دەبێتە مایەی ترساندنی. ھەرچەندە وا باشترە ئەم پرسە لەسەر ئاستی دەزگاكانی پەروەردە و خوێندنگاكان ھەوڵی چارەسەری بدرێ و ئیدارە و مامۆستایان كاتی بۆ دیاری بكەن و لەگەڵ قوتابییەكان دانیشن و گوێیان لێ بگرن.
٤- ھەر كارێكت ویست، ھەوڵی بۆ بدە، ئەگەر بیشزانیت تێیایدا سەركەوتوو نابیت.
٥- وەرگرتنی كاتی تەواو بۆ پشوودان، لەبەرئەوەی مرۆڤەكان لەكاتی ترس و دوودڵیدا ناتوانن بڕیاری دروست بدەن. پشوودانەكەش دەكرێ بەچەند جۆرێك بێت، وەك چوونەدەرەوە یان قاوەخواردنەوەیەك یان خۆشتنێك، ئەمانە تا ڕادەیەك فشار و دوودڵی كەم دەكەنەوە و وا دەكەن مرۆڤ ھەست بە ئارامیی دەروونی بكات و ئەو ترسەی ھەیەتی بڕەوێتەوە و لەلای ئاسان و سادە بێت.
٦- بیركردنەوە لە دەرەنجامی خراپتر، بۆ نموونە لە كاتی ھەستكردن بە ترس لە تاقیكردنەوەیەك یاخود چاوپێكەتنێك بۆ دەستكەوتنی ئیشێك، بیركردنەوە لە خراپترینی گریمانەكان و پرۆڤەكردن لەسەر شێوازی قسەكردنەكەت لەكاتی چاوپێكەوتنەكەدا (واتە خۆڕاھێنان لەسەری) ترسەكەت لەكاتی ڕووبەڕووبوونەوەكەدا كەم دەكاتەوە.
٧- ڕووبەڕووبوونەوەی خودی كەسەكە لەگەڵ ئەو حاڵەتەی لێی دەترسێ، بە مانایەكی تر مامەڵەكردن لەگەڵ حاڵەتی پڕ لە ترس و تۆقین، چونكە ئەگەر مرۆڤ ئەو ترسەی كە ھەیەتی لێی ڕابكات، ئەوە دەرەنجام ترسەكەی زۆر تووندتر دەبێت، بۆنموونە كەسێك لە شوێنی تاریك یان لە تەنیایی دەترسێ، دەبێ شوێنی تاریك یان تەنیایی تاقی بكاتەوە و لای ئاشكرا و ڕوون بێت كە ھیچ ڕوو نادات و ئەو ترسەی ئەو ھەیەتی تەنھا ترسێكی خەیاڵییە و بەس.
٨- ھاتنە ناوەڕاستی ژیانەوە، واتە دەبێ مرۆڤەكان بزانن ژیان بە سروشتی حاڵی خۆی پڕە لە جەنجاڵی و ڕوودانی كاری خۆش و ناخۆش، ئەوەشی لا ڕوون بێ ئەوەی كە ڕوو دەدا، تەنھا بۆ تاكە كەسێك نییە. بۆ نموونە وا بزانێ بەس ئەو نەخۆش دەكەوێ یاخود ھەر ئەو دەمرێ یان بەس ئەمە كەسە نزیكەكانی لێی دوور دەكەونەوە.
٩- گفتوگۆكردن لەگەڵ كەسانی تر دەربارەی ئەو ترسەی كە ھەیەتی و بەشداریپێكردنی كەسانی نزیك و ھاوڕێ، یاخود ڕاوێژكردن بە پسپۆڕی دەروونی و باسكردنی حاڵەتەكە لەلای وا دەكا ترسەكە بڕەوێتەوە. لە كۆتاییدا دەڵێین: مرۆڤەكان ئەگەر ترسێكیان ھەبوو دەبێ ترسێكی ئەرێنی بێ و دروستكەر بێ و بتوانن بیكەن بە سەرچاوەی سەركەوتنەكانیان، واتە ھاندەر و پاڵنەر و ڕێخۆشكەر بێت بۆ كار و بەرھەم و دەستكەوتی چاك چاكتر، نەك ترسێك بێت ساردكەرەوە و ڕووخێنەر و پشتشكێن بێ، لەبەر ئەوەی ترسی نەرێنی مرۆڤ تووشی لەناوچوون و نەخۆشی دەروونی و جەستەیی دەكا، چونكە ترس گەورەترین دوژمنی مرۆڤە، لەمڕۆوە سامۆییل جاكسن دەڵێ: ئازایەتی لەپێش ھەموو شتە باش و چاكەكانی دیكەوەیە چونكە ئەگەر ئازایەتیت نەبێ ئەوا دەرفەتی شتە باش و چاكەكانی دیكەت نابێ.