رێبوار حەمەلاو شوانی
لە سەرەتدا گرنگە بزانین ، خەڵاتی بەرزی پیۆسی نۆیەم ، بۆ یەکەمین جار لە رۆژی 17ی حوزەیرانی ساڵی 1847 دامەزراوە و بە یەکێک لە بەرزترین خەڵاتی ڤاتیکان هەژمار دەکرێت . ئامانج لە بەخشینی ئەم خەڵاتە ئاست بەرزە ، ڕێزڵێنانە لە ڕۆڵ و پێگە و خزمەتکردنی سەرکردە و سەرۆکی وڵاتان بە ئاشتی ، مرۆڤایەتی ، کۆمەڵگە ، هەروەها پەیوەندیی نێودەوڵەتی و لەیەکتر نزیک کردنەوەی نەتەوە و ئایین و ئایینزاکانە .
بەدڵنییاییەوە بەخشینی خەڵاتی بەرزی پاپای ڤاتیکان بەسەرۆک مسعود بارزانی ، تەنها ، ڕووداوێکی ئاسایی و پرۆتۆکۆڵی و دیپلۆماسی نییە ؛ بەڵکو دانپێدانانێکە لە ئاستێکی زۆر بەرز بە ڕۆڵ و هەنگاو و تێکۆشانەکانی سیاسی و نەتەوەیی و ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستی لە پارێزگاریکردن ئاشتی ، ئازادیی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاکان و بەرگریکردن لە مافەکانیان .
مێژووی هەر ڕابەر وسەرۆکێکی شۆڕشگێر و تێکۆشەر بۆ گەل و نیشتیمانەکەی پڕ لە بڕینی هەوراز و نشتێوەکان و کاتە چارەنووسساز و هەستیارەکان. بەدڵنییاییەوە ئەو ڕابەر و سەرکردانەی کە مێژووی پڕ سەروەری و شانازی دەخوڵقێنن ، هەمیشە دەکەونە بەردەم ئاستەنگ و ئاڵنگاریی گەورە و یەکلاکەرەوە ، بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە ڕابەر و سەرکردەکان خەبات و گیان خۆیان لە پێناو پارێزگاریکردن لە نەتەوەکە یان و شکۆی مرۆڤیان وەک مرۆڤبوون لە بەرچاوگڕتووە ، واتە لەگەڵ ئەوەی پارێزگاریان لە نەتەوە و نیشتیمان و ئاشتی و مرۆڤایەتی کردووە و شکۆشیان پاراستووە هەرچەندە ئەگەر باجی زۆریشیان لە پێناویدا بەخشی بێت
گەلی کورد ، وەک نەتەوەیەکی خەبات گێر و ستەملێکراو بەدرێژایی مێژوو ڕووبەڕووی دەیان کارەساتی جەرگبڕ و وێرانکەر بووەتەوە ، بەڵام هەرگیز کۆڵی نەداوە و هەرگیزیش بە ڕق و کینە و نەژادپەرستی نەبووەتە هۆکاری پەلاماردان و داگیرکاری خاک و ماڵی هیچ گەل و نەتەوەیەکی دیکە ، وێرای ئەوەی گەلی کورد خۆڕاگر و مڕۆڤدۆست و ئاشتیخوازە و چۆکی بۆ هیچ دوژمن و نەیارێک دانەناوە ، هەردەم باوەری بە ئاشتی و مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیان هەبووە ، بەڵام بەهۆی یەک نەبوونی و نەبوونی تەبایی تائێستا نەیتوانیووە خاوەن دەوڵەت وسەربەخۆیی خۆی بێت .
بە هەڵدانەوەی لاپەرەکانی مێژوویی زیاتر لەیەک سەدەی رابردوو ، بارزان و ڕێبازی بارزانی پشت بە پشت ، ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاوییان هەبوو لە مێژوویی خەباتی گەلی کورد دا ، بەتایبەت لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و نێوەدەڵەتیشدا ، دۆزی کوردی و پێداگریی لە پێکەوەژیانی ئاینی و فەرهەنگی و پێکهاتە جیاوازەکان دەکات ، ئەوەش وایکردووە کە ، کوردوکوردستان وەک ئەستێرەیەکی گەش بدرەوشێتەوە و ببێتە جێگەی گرنگی و بایەخی هەمووان .
بۆیە، مێژوو سەلماندی تەنها ئەو کەس و لایەنە پۆپۆلیزم و خاڵی لە خەبات و مێژوو و مڕۆڤبوون ناتوانن سەرکەوتن و پێشکەوتنەکان ببینن ؛ هەمیشە پەڵاماری رەمز و هێما ، مێژووییەکانی گەلی کورد و کوردستان دەدەن ، بەڵام ئێستا دەبینن ، بارزان و ڕێبازی بارزانی و سەرۆک مسعود بارزانی ، لەڕوانگەی ناوەندە بەرزە ئاینی و سیاسی و دیپلۆماسییەکانی جیهان وەک کارێزمایەکی نەتەوەیی کوردوکوردستان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت ، ئەوەش ئاماژەیە ، بە دانپێنان بە دۆز و مێژوو وئاڵا و زمان و کەلتووری نەتەوەیەکی ئاشتیخواز .
ئێمەی کورد ، بە بێ بوونی پێشمەرگە ، ڕابەر و سەرۆک بارزانی ، لەمێژبوو سەرگەردان و لێکترازاو دەبووین ، بەڵام بارزانی هەمیشە ڕێنیشاندەر و هەوێنی تەبایی و مەشخەڵی ئومێدی گەلی کوردە بۆ ئێستا وداهاتووش. بەتایبەتی مێژوو گەواهیدەرە سەرۆک بارزانی ، چەندە پشتیوانێکی دۆزی کورد و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاکان بووە هەر لە پارێزگاریکردن لە ئێزدییەکان و مەسیحییەکان و ئاوارە و پەنابەرانی سووریا و شارەکانی دیکەی عێراق و ئینجا فەراهەمکردنی ژیانێکی بەیەکەوەیی ، ئەوەش بووە فەرهەنگێکی جوان و درەوشاوە و سەرکەوتوو و شانازییەکی گەورە بۆ سەرۆک بارزانی و نەتەوەیی کورد ، بەخشینی خەڵاتێکی ئاست بەرزی لەلایەن پاپای ڤاتیکانەوە
ئەم خەڵاتە ئاماژەیەکی روونە ، بۆ سەرکەوتنی ئەو شێوازە خەباتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە سەرۆک بارزانی ، چەندین ساڵە لە پێناویدا خەبات و باجی گەورەی بۆ بەخشیووە . ئەم خەڵاتە بەرزە ، تەنها بەو ڕابەر و سەرۆک و سەرکردە مەزنانەی جیهان دەدرێت ، کە ئەمرۆ و لەو کاتە سەخت و هەستیارەی کە بەسەر ناوچەکە و جیهاندا گوزەر دەکات ، لە هەولێری پایتەختی کوردستان پێشکەش بە سەرۆک بارزانی دەکرێت ، ئەوەش وەک ئاماژەیە بۆ هەوڵەکانی لە پێناو پارێزگاریکردن لە ئاشتی و مرۆڤایەتی ، ئەم خەڵاتە هێمایەکی مەزنە بۆ ڕابەرێکی مێژوویی و نەتەوەیەکی خۆڕاگر و ئاست بەرز ، خەڵاتێکە بۆ گەلێک کە ڕووبەڕووی ئاگر و ئاسن و ئەنفال و کیمیاباران بووە ، بەڵام وێرایی هەموو سەختییەکان ، مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پاراست.


































































