هاوار محەمەد یوسف
بە فەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیڕاق، لیژنەیەکی تایبەت لە پسپۆڕ و شارەزایانی بواری هەڵبژاردن، بە دواداچوون هەڵسەنگاندنیان بۆ مافی دەنگدان و کارتی بایۆمەتری دەنگدەر کردووە و ئەم پێشنیاز و راسپاردانەی لای خوارەوەیان پەسەند کردووە.
١. نزیکەی (٣٠) ملیۆن هاووڵاتیی عێراقی تەمەنیان لە سەرووی تەمەنی دەنگدانەوەیە، بەڵام بە هۆی نەبوونی کارتی بایۆمەتری دەنگدان، تەنها نزیکەی (٢٠) ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە و دەتوانن بەشداری لە پڕۆسەی دەنگدان بکەن، لە کاتێکدا (١٠) ملیۆن دەنگدەر ناتوانن دەنگ بدەن بەهۆی نەبوونی ئەم کارتەوە. لە ڕێگەی پڕۆژە نوێیەکەوە، هەموو دەنگدەرانی عیراق کە ژمارەیان نزیکەی (٣٠) ملیۆن دەنگدەرە دەتوانن لە رێگەی کارتی نیشتیمانی یەکگرتوو دەنگ بدەن، واتا .
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە کۆمیسیۆن هەموو هەوڵێکی خۆی خستەگەڕ بۆ تۆمارکردنی هەموو دەنگدەران و نزیکەی (١١٧٩) سەنتەری تۆمارکردن و سەدان تیمی گەڕۆکی کردەوە و خزمەتگوزاری و کارتەکە دەگەیەنێتە ماڵی هاووڵاتییان، بەڵام, یەک لەسەر سێی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە پرۆسەی هەڵبژاردن بێبەش مانەوە.
ئەمەش گومانی ئەوەی لێدەکرێت کە ئەوانەی تا ئێستا خۆیان تۆمار نەکردووە، هاوڵاتی عێڕاقی نەبن و لە پێناو زیاد کردنی ژمارەی پەیڕەوانی یەکێک لە ئایینزاکانی عیڕاق، کارتی نیشتیمانیان بۆ دروست کرابێت، ئەمەش دەرگەیجدەستتێوەردانی دەرەکی لە پڕۆسەکانی هەڵبژاردن واڵا دەکات.
٢. بەکارهێنانی کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو، تا راددەیەک، کۆتایی بە دیاردەی کڕین و فرۆشتن و دەستبەسەرداگرتنی کارتە بایۆمەترییەکان دەهێنێت کە لە تەواوی پرۆسەکانی هەڵبژاردن دەبێتە جێگای قسە و گفتوگۆ، چونکە دەکرێت دەنگدەر کارتی بایۆمەتریی خۆی بە بڕە پارەیەکی کەم بفرۆشێت، بەڵام ئەستەمە کارتی نیشتمانیی بفرۆشێت چونکە ئەوە ناسنامە فەرمییەکەیەتی بۆ کاروباری رۆژانە پێویستی پێ دەبێت. بەمەش تا راددەیەک کۆتایی بە یەکێک لە هۆکارەکانی کڕین و فرۆشتنی دەنگ دێت لە هەڵبژاردنەکان.
٣. ئەگەر دەنگدەر کارتی بایۆمەتریی خۆی ون بکات، ئەوا زۆر جار خۆی ماندوو ناکات بۆ دەرهێنانی کارتی نوێ، پێچەوانەی ئەو ەی کە کارتی نیشتمانیی خۆی ون دەکات، بە دواداچوون دەکات بۆ دحزینەوەی یان دووبارە دەرهێنانەوەی.
٤. لە هەموو هەڵبژاردنێکدا کۆمیسیۆن بە ملیۆنان دۆلار خەرج دەکات بۆ چاپکردنی کارتی بایۆمەتریی نوێ، لە کاتێکدا کارتی نیشتمانی لەلای هەموو هاووڵاتییەک هەیە و لە مەولا دەوڵەت هیچ بڕە پارەیەک بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە خەرج ناکات.
٥. حکوومەت هەوڵ دەدات کارتی نیشتمانی ببێتە کۆکەرەوەی هەموو داتا ئەلیکترۆنییەکانی هاووڵاتی (تۆماری شارستانی، هەڵبژاردن، ژمارەی فەرمانبەری، …)، بۆ ئەوەی ببێتە یەک بەڵگەنامەی بنەڕەتی بۆ هاووڵاتی لە جیاتی فرە ناسنامەیی، لێرەشدا رۆلی وەزارەتی ناوخۆ لە پڕۆسەکانی هەڵبژاردن یەکلاکەرەوە دەبێت.
٦. لەسەر بنەمای ڕێنمایییەکانی سەرۆک وەزیران، وەزارەتی ناوخۆ داتاکانی پێویست دەستەبەر دەکات بۆ کۆمیسیۆن، جگە لە داتاکانی نیشتەجێبوونی هاووڵاتی. لێرەدا چاوەڕوان دەکرێت کۆمیسیۆن مامەڵە لەگەڵ دوو جۆر دەنگدەردا بکات، بەم شێوەیەی خوارەوە:
جۆری یەکەم: ئەو دەنگدەرانەی کە پێشتر کارتی بایۆمەترییان بۆ دەرچووە (ژمارەیان ٢٠ ملیۆن دەنگدەرە): بڵاوبوونەوەیان (دابەشکردنیان بەسەر بنکەکانی دەنگداندا) وەک خۆی دەمێنێتەوە، و بەپێی خواستی خۆیان.
جۆری دووەم: ئەو دەنگدەرانەی کە پێشتر کارتی بایۆمەترییان نەبووە، چ لە ناوخۆی عیراقدا بن یان لەدەرەوە؛ بەسەر بنکەکانی دەنگداندا دابەش دەکرێن لەسەر بنەمای ناونیشانی چەسپاو لە کارتی نیشتەجێبووندا. کۆمیسیۆن ماوەیەکی درێژ دەکاتەوە بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و هەریەکێکیان دەتوانن (تۆماری دەنگدانیان) لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بگوازنەوە، و گواستنەوەکەش (بە تەنها) پەیوەندی بە گواستنەوەی (شوێنی دەنگدانەوە) دەبێت و گوایە کاریگەری و پەیوەندی بە گواستنەوەی تۆماری باری شارستانی (نفوس) یان هیچ بەڵگەنامەیەکی ترەوە نابێت. بەم شێوەیە هەموو دەنگدەران دەتوانن لە نزیکترین بنکەی دەنگدان بۆ خۆیان دەنگ بدەن.



































































