حەیاس ئامۆکەیی- قوتابی قۆناغی دووەمی بەشی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی سۆران
یەکێک لە چەکە هەرە بەهێزەکانی دەستی پیاوانی سیاسی لە وڵاتە دواکەووتوەکان بریتییە لە دروستکردنی پشێوی ئەویش زۆر بە سادەی لەکاتی گونجاودا، واتە کاتێک باری شارێک یاخود وڵاتێک دەکەوێتە دۆخێکی نالەبار یاخود بە شێوەیەکی ڕونتر ئەو بارەی کە لەگەڵ پیاوانی دەسەڵات ناگونجێت، ڕاستەوخۆ دەست بۆ دروستکردنی دۆخێکی جیاوازتر دەبەن، دۆخێک کە پشێوی دروست دەکات، ئەو دۆخەیی تیایدا پرسە سەرەکیە گرنگەکەت لە بیردەباتەوە، ئەمە گەورترین چەکی پیاوانی سیاسییە لە وڵاتە دواکەوتوەکاندا، بەجۆرێک بۆ ماوەیەک ئەگەر کاتیش بێت ڕای گشتی لەسەر پرسێک دەجولێنرێت ،لە پرسێکی دی کە بێگومان لە بەرژەوەندی ئەوان دانیە کە ئێمە بە پیوانی دەسەڵات ناومان بردن، ئەمە بۆ سیاسییەکان لێدانە لە دوو لایەن یەکەم ئەوەی پرسە سیاسییە سەرەکیەکە لە بیری ڕێژەی عەوامی کۆمەڵگە دەبردرێتەوە، لەوڵاشەوە پرسێکی نوێ دەهێنرێتە پێش کە دەکرێ لە هەرکاتێکدا بێت نوێ بکرێتەوە، هەندێکجار سیاسییەکان قوڵتر دەبنەوە بە جۆرێک پرسێک دروست دەکرێت و دوای خۆی وەک فریاد ڕەسێک دەردەخات و چارەسەری دەکات ،ئەمە لە زمانی سیاسەتدا بە پۆپۆلیزم ناو دەبرێت، واتە ئەو دۆخەی کە سیاسی ڕێژەی زۆرینەی خەڵک لەسەر پرسێک بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت.
دروستکردنی ئەم جۆرە لە پشێوی بەڵا ڕێدابردنی ڕای گشتییە، بەجۆرێک ناکرێ چاوەڕێی دروستکردنی گۆڕانکاری لێبکرێت، شتێک وەکوو ئەوەی ئەمە گۆڕینی ڕێگا نیە لە دۆزەخەوە بەرەو فیردەوس، بەڵکو کاتیەو لە هەرکاتێکدا بێت بارودۆخ دەگەڕێتەوە سەر ڕێگا وێرانەکەی جارانی.
لە کاتی ئێستاماندا یەکێک لەو پرسانەی کە زۆر بە وردی لای سیاسییەکان کاری لەسەر دەکرێت، بریتیە لەو پرسانەی کە پەیوەندیان هەیە بە ئاین، لە لایەک و دابونەریتی کۆمەڵگە لە لایەکی دیکەوە سیاسییەکان زۆر بە وردی ئاگاداری ئەوەن کە زۆرینەی کۆمەڵگە لە خەمی پاراستنی کام بەهای کۆمەڵگەکەیدایە و لەهەوڵی ڕێگری کردنی کام کلتوورە دایە کە بڕیار وایە دەربکەوێت یاخود تێکەڵ بە کلتووری ئێستا بکرێت، بۆیە کرانە پاڵەوانی لە پڕی سیاسییەک کە هەوڵ بۆ پاراستنی یاخود ڕێگریکردن لەهاتنە پێشەوەی ئەو جۆرە پرسانەی کردووە، بە پێی ڕای زۆرینەی بۆ کۆمەڵگە گونجاو نین، هەرگیز بە واتایی کاریزما بوونی ئەو سیاسییە نایەت، بەڵکو کۆمەڵگە ئەو کاتە بەزیندوو ناو دەبرێت کە توانای خوێندنەوەی هەبێت بۆ ئەو هۆکارانەی لە پشتەوەی دەرچونی ئەم جۆرە بڕیارانەوەن.