زاری كرمانجی
توێژینه‌وه‌یه‌كی ئه‌م دواییه كه له گۆڤاری زانستی Nutrients بڵاوكراوه‌ته‌وه ده‌ریخستوه كه په‌یڕه‌وكردنی خۆراكی ده‌ریای ناوه‌ڕاست ڕه‌نگه مه‌ترسی توشبون به شه‌قیقه‌ی درێژخایه‌ن به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌م بكاته‌وه.
توێژه‌ران داتای 448 نه‌خۆشی شه‌قیقه‌یان شیكرده‌وه و خوی خۆراكی ئه‌و كه‌سانه‌یان به‌راورد كرد كه فۆڕمی پچڕپچڕی نه‌خۆشیه‌كه‌یان هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی فۆڕمی درێژخایه‌نیان هه‌یه، ئه‌نجامه‌كان ده‌ریانخستوه كه ئه‌و به‌شداربوانه‌ی كه زیاتر پابه‌ندبون به بنه‌ماكانی خۆراكی ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه، ئه‌گه‌ری توشبونیان به شه‌قیقه‌ی درێژخایه‌ن نزیكه‌ی سێ هێنده كه‌متره. ئه‌م په‌یوه‌ندییه ته‌نانه‌ت دوای له‌به‌رچاوگرتنی هۆكاره‌كانی وه‌ك ته‌مه‌ن، ڕه‌گه‌ز، پێوه‌ره‌كانی بارسته‌ی جه‌سته، ماوه‌ی نه‌خۆشییه‌كه، زیاد به‌كارهێنانی ده‌رمانی ئازارشكێن و هۆكاره‌كانی تری شێوازی ژیانیش به‌رده‌وام بو.
جگه له‌وه‌ش، پابه‌ندبونی زیاتر به خۆراكی ده‌ریای ناوه‌ڕاست په‌یوه‌ندی به كه‌مبونه‌وه‌ی ژماره‌ی ڕۆژانی سه‌رئێشه له مانگێكدا هه‌بو، به‌ڵام ئه‌م په‌یوه‌ندییه گرنگی ئاماری خۆی له‌ده‌ستدا دوای خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ هۆكاره‌كانی تری خۆراك، له‌كاتێكدا كاریگه‌ری كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسی توشبون به سه‌رئێشه‌ی درێژخایه‌ن به‌رده‌وام بو. هه‌روه‌ها زاناكان هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی ڕونیان له نێوان توندی شه‌قیقه و خواردنی ئاو، خواردنه‌وه گازییه‌كانی شیرینكراو، یان كافاین نه‌دۆزیوه‌ته‌وه.
توێژه‌ران جهختدهكهنهوه كه په‌یڕه‌وكردنی ڕێجیمێكی كوالیتی به‌رز ڕه‌نگه هۆكارێكی گرنگ بێت كه په‌یوه‌ندی به كه‌مبونه‌وه‌ی مه‌ترسی توشبون به نه‌خۆشییه درێژخایه‌نه‌كانه‌وه هه‌یه، هه‌روه‌ها داوای لێكۆڵینه‌وه‌ی كلینیكی زیاتریان له داهاتودا كردوه بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندییه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، توێژینه‌وه‌یه‌ك كه له گۆڤاری زانستی Nutrients بڵاوكراوه‌ته‌وه ده‌ریخستوه كه په‌یڕه‌وكردنی خۆراكی ده‌ریای ناوه‌ڕاست و خۆراكی DASH و خۆراكی كوالێتی به‌رز كه له‌سه‌ر بنه‌مای ڕوه‌ك دروستكراوه، مه‌ترسی توشبون به هه‌ندێك جۆری شێرپه‌نجه له ئافره‌تان كه‌مده‌كاته‌وه.


































































