هبە صبری
ئەم باسە پێداچوونەوەیەکی کۆمەڵناسانەیە بە پەرتووکی شیعری (شاباز عوزێری) لە ژێر ناونیشانی (باش نیم)، کە یەکێکە لە پڕ فرۆشترین پەرتووکی ئەم ساڵ، لە ماوەی چەند مانگێک بە هۆی شەیدایی خوێنەران گەشت بە چاپی سێیەم، ئەمەش بووە جێی سەرنجم، وەک توێژەرێک بووە هەوێنی خولقاندنی کۆمەڵێک پرس لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی و دەروونی لە خولگەی مێشکمدا. وەک ئەوەی چی؟ بوو بە هۆی ئەوەی ئەوەندە زوو چاپەکانی لە بازاڕەکانی پەرتووکەدا نەمێنێت؟ چ کاریگەرییەکی کۆمەڵایەتی و دەروونی لەسەر تاک و کۆمەڵگە درووست کردووە؟ ئەم سەرنجە قوڵەشم لە ئەنجامی تێبینی کردنی چەند ساڵەمە لەسەر پرسی خوێندنەوە و بە کلتورکردنی پەرتووک لە کۆمەڵگەی کوردی، کە بۆم دەرکەوتوە کە ئێمە کۆمەڵگەیەکین زۆر بەدوای پرسی عیلم و مەعریف/زانست و زانیاریەوە نین، زۆرینەی تاکەکانمان ئەهلی پەرتووک و خوێندنەوە نین، چ شتێک وای کرد وێل و شەیدا و پەرۆش بن بۆ دەستکەوتنی پەرتووکە، چ جیاوازیەک هەیە لە نێوان ئەم پەرتووکە و پەرتووکەکانی تر؟بەتایبەتیش لەگەڵ پەرتووکە شعرییەکان چ جیاوازیەکی هەیە؟
بۆ وەرگرتنی وەڵامێکی لۆژیکانە بۆ پرسەکانم و گەشتن بە ئەنجامێکی ڕاستی بینانە، منیش وەک هەر خوێنەرێک دەستم کرد بە خوێندنەوەی بەرهەمە شعرییەکە و لەوێشەوە بە ئەرکم زانی، کە بە تێرو تەسەلی لەچوارچێوەی زانستی کۆمەڵناسی کە بە زانستی کۆمەڵگا دادەنرێت بچمە نێو ناوەڕۆکی پەرتووکەکە و لێی بدووێم.
سەرەتا دەتوانین بڵێین کە شیعر داهێنانە لە زمان و هەروەها بووە هۆی ئەوەی زمان لە ئامرازێکی لێک تێگەیشتنەوە بگۆڕێت بۆ پێویستی و ئامرازێکی ڕۆشەنبیری و فکری و دەروونی مرۆڤەکان، دەکرێ وا بوترێت کە شیعر لەهەموو ژانرەکانی تری ئەدەب زیاتر تێکەڵ بە هەست و نەستی مرۆڤ دەبێت و زیاتر خەیاڵ و هزری فراوان کرد لە چوارچێوەی دەربڕینی ئازادانەیەوە. هەربۆیەش ئەوەی کە عوزێری وەک شاعێریک خستویەته ڕوو لەم دیوانە شیعریەیدا ماهیەتێکی کۆمەڵایەتی و دەروونی و تەنانەت ئایینیشی زۆر بەجوانی کۆکردۆتەوە لەچەندین وشەی فرەڕەنگ و مانادار کە جەوهەری شیعریان دەرخستووە.
لەلایەکی تریشەوە ئەوەی ماهیەتی شاعیر و هەروەها هونەرەکەی دەردەخات ئەوەیە، کە دەبێت دەرخەری ڕاست و کۆمەڵگا بن ، چونکە ئەوان پێشەنگن لە کارکردنە سەر هزری باوی کۆمەڵگا ئەوەی من وەک توێژەر لەم پەرتووکەدا بینیم ئەوەی کە شاعیر زۆر بەتوانایانە و بە کۆمەڵێک شیعری هەمەجۆر، کە گونجاوە بۆ هەموو تەمەن و هەموو ڕەگەز و چین و توێژێک و سوود بەخشە، چونکە بە زمانێکی سادە نوسراوە و ئاسانە بۆ تێگەیشتن یان هۆشیارکردنەوە لە کۆمەڵێک دیاردە و گرفتی کۆمەڵایەتی وەک بەشێک لە واقع کە پێشتر هەستی پێنەکراوە.
ئەمە دەکرێ بوترێت یەکێکە لە شاکارەکانی هونەر کە شاعێر بەجۆرێکی ئاگایانە و هۆشدارانە لە فۆرمێکی هونەریدا بتوانێت لە ڕاستی ژیان بدوێت، چونکە سەرئەنجام شیعر دەڕبڕینی هزر و خەیاڵە کە کاریگەری لەسەر نەستی تاکەکان دروست دەکات.
ئەوەی گرنگ بوو بۆم وەک توێژەرێک پێی بگەم وەڵامی پرسەکانم بوو، کە لەسەرەتا خستمە ڕوو، لەم ڕووەوە گەشتم بەوەی کە عوزێری لەم پەرتووکەیدا پەنجەی خستۆتە سەر کەمیەکان(ناتەواویەکان)ی کۆمەڵگا و تاک، لەوانەش هەستی بەرپرسیارەتی، خۆشەویستی، وون بوونی سۆز و میهرەبانی، تەنانەت لە بەشێکیشیدا لەدەست دانی ئەخڵاق(ئەخلاق بە ماناکۆمەڵایەتیەکەی لەدەست دانی ویژدانی کەسی و ئازاردانی بەرامبەر) لەلایەکی تریشەوە وشە ڕێژی بۆ هەستی کەسەکان کردووە، بۆیە هەرتاکێک کاتێک کە ئەم پەرتووکە ئەخوێنێتەوە وا ئەزانێ بۆ ئەونووسراوە یان دەربڕینی هەستەکانی ئەوە. ئەمەش خاڵێکی گرنگە بۆ هەر نووسەرێک، چونکە لە زانستی کۆمەڵناسی ئەدەبیدا تیۆریێک کە باس لەوە دەکات، کە هەرپەرتووکێک بووە هۆی مەرگی نووسەر بەو واتایەی(نووسەر چیتر خاوەنی پەرتووکەکەی نەبێت و ببێتە بەشێک لە ژیانی تاکەکانی تر و خوێنەرەکان ببنە خاوەنی ) ئەوە نووسەر سەرکەووتوو بووە لە بوارەکەیدا و گەشتۆتە ئامانجی مەبەست.
لە کۆتاییدا ئەوەی پێویستە بوترێت ئەوەیە کە ئەم پەرتووکە شیعرییە بووە هەوێنی هۆشیاری و ئاوەدان کردنەوەی بیرو هۆشی دەیان و سەدان خوێنەر، چونکە شیعرلە ڕێی جوانی دەربڕین و ئازادییەوەو بەهۆی ئاوێزانبوون و تێکەڵبوونی بەژیانی تاک و کۆمەڵگە و سروشت دەتوانێت شتگەڵێکی زۆرمان فێربکات ، لەوانەش مرۆڤ بوون، هەستی نەتەوایەتی، دابونەریت و کلتوور..هتد، ئەمەش دەبێت ئامانجی ئەدەبیاتی شیعر بێت. دەتوانم بڵێم یەکێکە لەو پەرتووکانەی بەجارێک خوێندنەوە لایەنی ڕۆحیت لێی تێرنابێت و هەروەها لە هەر جار خوێندنەوەشی دەتوانی کۆمەڵێک تێبینی و سەرنج و پەیامی جوانی لێوەربگری، من وەک خوێنەرێک چێژم لێی بینی و وەک توێژەریش بووە هەوێنی نووسینی ئەم ووتارە.