عومەر فەیسەڵ مستەفا
قوتابی بەشی کوردی/ قۆناغی سێیەم
زانکۆی سۆران/ فاکەڵتیی ئاداب
لەسەدەی چوادەم تاوەکوو سەدەی حەڤدەم کیشوەری ئەورووپا گۆڕانکارییەکی ئێجگار گەورەی بەخۆیەوە بینی، ئەویش بە گەشەسەندنێکی چاوەڕواننەکروای: (کەلتووری، ڕۆشنبیری، ڕامیاری، ئابووری و زانستی)، کە بووە هۆی ئەوەی ئەورووپا بۆ هەتاهەتایە سوود لەو بەرەوپێشچوونانەی ئەو سەردەمە وەربگرێت؛ بەو سەردەمەش دەگوترێ سەردەمی ”ڕێنیسانس”؛وشەکە لە بنەڕەتدا فەڕەنسییە و بە واتای “لەدایکبوونەوە” دێت.
لەدوای ڕووخانی ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانییەکان، شارستانییەتی ئەورووپییەکان دواکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و بە تێپەڕبوونی کاتیش بارودۆخییان خراپتر دەبوو، گەلانی ئەورووپا لەوپەڕی سەردەمی بەرەوپاشچوونی خۆیان دابوون بە بەراورد بە سەردەمەکانی دیکە، لە مێژووی هاوچەرخدا، ئەو سەردەمە بە سەردەمی (چاخەکانی ناوەڕاست) ناودەبرێت، بەشێک لە مێژووناسانیش ئەو سەردەمەیان بە(سەردەمی تاریکی) ناوبردووە؛ بەڵام لەگەڵ هاتنی سەردەمی ڕێنیسانس لە سەدەی چواردەم دا، بارودۆخەکە بە تەواوی گۆڕا و لە ماوەیەکی کەمدا،ئەورووپییەکان گەڕانەوە تڕۆپکی شارستانییەت و پێشکەوتن.
ڕێنیسانس سەرەتا لە(باکووری ئیتاڵیا) سەریهەڵدا و دواتر بە تەواوی ئەورووپادا بڵاوبوویەوە و تا سەدەی حەڤدەم بەردەوام بوو.ئەورووپییەکان بە دووبارە زیندووکردنەوەی شارستانییەت و فەلسەفەی یۆنانییەکان و ڕۆمانییەکان، توانیان چاکسازییەکی مەزن لە کۆمەڵگاکانیاندا بکەن و، ڕۆشنگەرییەکی بەرچاو لەهزری خۆیاندا بچەسپێنن؛ ڕیمفۆرمیان لە ئاییندا کرد و ئۆڕگانەکانیبەڕێوەبردنی وڵاتەکانیان لەژێر ڕکێفی کڵێسا و پاپا دەرهێنا،بەوەش دەسەڵاتی کڵێسا و پاپا بە تەواوی لاوازبوو.
لەو سەردەمەدا ئەورووپییەکان داهێنانێکی ئێجگار زۆریان کرد، ئەوەش بە داهێنانی ئامێری چاپ و جەمسەرنوێن وتەلیسکۆب و وردبین و چەندان داهێنانی دیکە؛ تەکانێکی گەورەش بە زانستەکان درا بە تایبەت زانستەکانی: (گەردوونزانیو زیندەزانی)، بۆ یەکەم جاریش زانستی شیتەڵکردنی لەشی مرۆڤ یاخود ”ئاناتۆمی” پەیدابوو. هەروەها بەهۆی داهێنانی قیبلەنماشەوە دەریاوانی بە تەواوی پێشکەوت، دەریاوانەکان توانیان گەشتی دوور بکەن، هەر ئەوەش بووە هەوێنی دۆزینەوەی کیشوەری ئەمریکا لەلایەن “کریستۆڤەر کۆڵۆمبۆس”ەوە. هونەر و وێژەش بەتەواوی گەشەی سەند و، چەندین شاکاری مەزنی هونەری و وێژەیی دروستکران و نووسران، کە تاوەکو ئێستاش ئەورووپییەکان شانازی پێوە دەکەن. لەڕووی بیناسازیشەوە تەواوی جیهان بە گشتی و ئەورووپا بەتایبەتیی، هەرگیز بەرەوپێشچوونی لەو شێوەیەیان بەخۆوە نەبینیوە؛ چەندان شاری گەورە و زیندووی ئەو سەردەمەی ئێستای ئەورووپا، مێژووەکەیدەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتە.
لە سەردەمی ڕێنیسانسدا چەندین کەسایەتیی گەورە و بلیمەت لە ئەورووپا دەرکەوتن، لەوانە:
✓ “لیۆناردۆ داڤینچی”: هونەرمەند و داهێنەری گەورەی ئیتاڵی و ئافرێنەری شاکاری”مۆنالیزا”.
✓ “ڕێنی دیکارت”: فەیلەسووف و بیرکاریزانی فەڕەنسی کەنازناوی “باوکی فەلسەفەی مۆدێرن”ی پێدراوە.
✓ “گالیلۆ گالێلی”: گەردوونزان و فیزیازانی مەزنی ئیتاڵی، کەخاوەنی بیردۆزی “خۆر سەنتەری جیهانە” و نازناوی باوکی زانستی نوێشی پێدراوە.
✓ “نیکۆڵاس کۆپەرنیکۆس”: گەردوونزان و بیرکاریزانی پۆڵەندی.
✓ “دانتی ئەلیگێڕی”: فەیلەسووف و شاعیر و نووسەر و سیاسەتمەداری ئیتاڵی، نووسەری شاکاری مەزنی”کۆمێدیای یەزدانیە”.
✓ “نیکۆڵۆ ماکیاڤێلی”: فەیلەسووف و سیاسەتمەدار ودیبلۆماتکاری ئیتاڵی و نووسەری شاکاری مەزنی”میر”ە.
✓ “ویلیەم شکسپیر”: هۆزانڤان و شانۆنووسی ئینگلیز ونووسەری شانۆی تراژیدیای “ڕۆمیۆ و جولیەت”.
لەگەڵ چەندان بیرمەندیی مەزنی دیکە کە بوونەتە مایەیشانازی ئەورووپییەکان لە هەموو سەردەمەکاندا؛ مێژوونووسان و بیرمەندان بەتەواوی لەسەر ئەوە کۆکن، کە ڕێنیسانس چارەنووسی ئەورووپای بەئاقارێکی دیکەدا برد و، بە هۆکاری تەواوی پێشکەوتنی ئەورووپای دەزانن، تەنانەت لە سەردەمەکانیپاش کۆتای هاتنیشی، بە سەردەمی ئێستاشمانەوە.