ئا/ رۆژان قیاس
پرۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر سیروان ئەنوەر، لە دیدارێكی تایبەتی زاری كرمانجی دا باس لە هۆكارەكانی تێكچوونی شیرازەی خێزان و خۆپاراستنی خێزانەكان لە تێكچوونی شیرازە دەكات.
لە سەرەتای قسەكانیدا باس لە گرنگی بوونی پەیوەندییەكی توندوتۆڵی نێوان ئەندامانی خێزان دەكات و پێیوایە” پەیوەندی خێزانی پەیوەندییەكی پیرۆزە، پێویستە هەموو ماناكانی سۆز و خۆشەویستی و قوربانیدان لە نێوان هەردووكیان هەبێت، بۆیە خێزان یان هاوسەرگیری ئارامییە بۆ دەروون و روحی مرۆڤ، گەر سەیری شیرازەی خێزان لە كۆمەڵگەی كوردی بكەین، بە داخەوە لە پاشەكشەیەكی بەردەوامدایە، خۆشەویستی كە مەرجی سەرەكی پتەوی شیرازەی خێزانە تەنها لەسەر زار و كتێبەكانە، بەداخەوە لە كرداری رۆژانە واقعی ژیانی هاوسەری بە شێوەیەكی گشتی رەنگدانەوەی نییە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ زاڵبوونی ژیانی ماددی بەسەر لایەنی رۆحیەكە و خۆ فەرز كردنی یەكێك لە لایەنەكان و تەنازول نەكردن، هەروەها بوونی ئەو رۆتینیەی هاوسەرگیری كە وا بیر دەكەنەوە دوای پڕۆسەی هاوسەرگیری و مانگی هەنگوینی، پیاو دەچێتە سەر كار و دەگەڕێتەوە ماڵەوە و كاتەكانی بۆ هاوڕێ و مۆبایل و شتی لاوەكی تەرخان دەكات، ئافرەتەكەش خەریكی ماڵ و منداڵ دەبێت، كاتێكی دیاری كراویان نابێ بۆ یەكتر، كە ئەمە دەبێتە رۆتینیەكی رۆژانە راستەوخۆ كار لە پتەوی پەیوەندی شیرازەی خێزانەكە دەكات، خاڵێكی تریش مەرج دانان بۆ یەكتر، هەریەك لە ژن و پیاو دەیەوێ یاسا و رێسای خۆی بسەپێنێت و خۆی كۆنتڕۆڵی خێزانەكە بگرێتە دەست، هەروەها دەست تێوەردانی دایك و باوی پیاو یان ئافرەتەكە لە ژیانی هاوسەری خێزان هۆكارێكی تری تێكچوونی شیرازەی خێزانە، زۆرجار دەبینین لە بچووكترین شت تا گەورەترینی ئەو خێزانە بنەماڵەی ئافرەتەكە یا پیاوەكە دەست تێوەردان دەكات، ئەمەش كێشە لە بەینی پیاو و ئافرەتەكە دروست دەكات، لە لایەكی تر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە گشتی بوونەتە هۆی تێكدانی شیرازەی خێزان و دروستبوونی خیانەتی هاوسەری ئەمانە هەمووی هۆكاری تێكچوونی شیرازەی خێزانن كە دەتوانم بڵیم هۆكاری سەرەكی كەم بوونەوەی پتەوی شیرازەی خێزانی كوردین”.
لەبارەی كاریگەری تێكچوونی شیرازەی خێزان، دكتۆر سیروان، گووتی” تێكچوونی شیرازەی خێزان كاریگەری راستەوخۆ لەسەر هەموو ئەندامانی خێزان دروست دەكات، وا دەكات كە پەیوەندی نێوان دایك و منداڵەكان یا باوك و منداڵەكان نا تەندروست بێت و ئەندامانی خێزانەكە تووشی گۆشەگیری و خەمۆكی ببن، لەمەوە نەخۆشی سایكۆلۆژیەكان سەرهەڵدەدەن، كاریگەری تێكچوونی شیرازەی خێزان لەسەر كۆمەڵگە، كاریگەری لەسەر پەروەردەی نەوەی نوێ دروست دەكات، چونكە منداڵەكانی ئەو خێزانە نەوەیەكی تەندروست نابن، كێشە لە لایەنی سۆزداری و رەفتاریان دروست دەبێ، ئەگەری تووشبوونیان بە ماددە هۆشبەرەكان و لادانە كۆمەڵایەتیی و یاساییەكانی وەك دزی كردن و شەڕانگێزی بوون و كاریگەری لەسەر هۆشیاری ئەو نەوەیەی كۆمەڵگە كە ئاراستە دەكات بەجێ دێڵێت، بۆیە تێكچوونی شیرازەی خێزانەكان و زیاد بوونی لەناو خێزانەكانی كۆمەڵگەیەك كاریگەری خراپ لەسەر ئەو كۆمەڵگەیە ساز دەكات و كار لە بەرەو پێشڤەچوونی ئەو خێزانە دەكات، رێژەی تاوان لەناو كۆمەڵگە بەرز دەبێتەوە بەهۆی بوونی نەوەیەكی شەڕانگێز و نا هۆشیار، هەروەها دوای جیابوونەوەی ئەو خێزانە، پیاو و ئافرەتەكەش توشی كێشەی دەروونی و نا سەقامگیری دەبن لە ژیانی خۆیان، هەروەها هەندێك جار دوای جیابوونەوە تووشی لادانی كۆمەڵایەتی دەبن، خێزانەكان دەتوانن خۆیان بپارێزن لە تێكچوونی شیرازەیان بە دانانی چەند پێوەرێكی كۆمەڵایەتی بۆ پەیوەندیەكانیان و دروست كردنی ژینگەیەكی لەبار بۆ گفتوگۆكردن و چارەسەر كردنی كێشەكانیان.
لە بەردەوامی قسەكانیدا پرۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر سیروان ئەنوەر، ئاماژەی بە چەند خاڵێك كرد بۆ خۆ پاراستن لە تێكچوونی شیرازەی خێزانی و گوتی” بۆ ئەوەی خێزان بتوانێت خۆی لە تێكچوونی شیرازەی خێزان بپارێزێت، ئەبی گرنگی بە گەشەپێدانی ئاستی رۆشنبیری خێزانی هەردوو لایەنەكان و پەیڕەوكردنی سیستەمێكی لێبوردەیی رێزگرتن لە یەكتر و لە بیر و رای یەكتر و بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانیان پەنا ببەنە بەر دانیشتن و گفتوگۆ كردن و لێك تێگەیشتن لە یەكتر و گرنگی دان بە هەست و سۆزی بەرامبەر، دڵیان فراوانبێ بەرامبەر یەكتر، زیاد كردنی متمانە بە یەكتر، هەروەها ئەوەی زۆر گرنگە كەمكردنەوەی كاریگەری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە لەسەر ژیانی هاوسەری و دوور كەوتنەوە لە زیادەڕۆی كردنە لە بەكارهێنانی سۆشیال میدیا”.