سكرتاریەتیی سەرۆك بارزانی پەیامێكی سوپاس و پێزانینی بڵاو كردەوە و رایگەیاند: وێڕای پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان، سوپاسی سەرجەم ئەو كەسایەتی، لایەنە سیاسییەكان، دۆستانی بیانی، دیپلۆماتكاران، پێكهاتەكان، رێكخراوەكان و میدیاكارانی كرد كە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتەكەیان و ساڵڕۆژی لەدایكبوونی سەرۆك بارزانی، پیرۆزباییان ئاراستە كردوون.
دەقی سوپاسنامەكەی سكرتاریەتیی سەرۆك بارزانی
بەبۆنەی تێپەڕبوونی 80 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، وێڕای پیرۆزباییمان لە خەڵكی كوردستان، زۆر سوپاسی هەموو ئەو كەسایەتی و لایەنە سیاسییانەی هەرێمی كوردستان، عێراق، پارچەكانی تری كوردستان، هەروەها كەسایەتیی ئاینی، دۆستانی بیانی و دیپلۆماتكاران، پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكان و كەسایەتییە كۆمەڵایەتی و سەرۆك هۆزەكانی عێراق و كوردستان، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ئاكادیمیسیەن، ڕۆشنبیر و نووسەران، ڕاگەیاندن و میدیاكاران و تەواوی ئەو خۆشەویستانە دەكەین، چ لە ناوخۆی كوردستان و چ لە دەرەوەی كوردستان و عێراق و وڵاتانی تر، لە ڕێی ناردنی پەیام و پێوەندیی تەلەفۆنی و ڕاگەیەنراو و وتار و نووسیندا، بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی و ساڵڕۆژی لەدایكبوونی سەرۆكەوە، پیرۆزباییان ئاراستەی جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی كردووە.
جەنابی سەرۆك پێزانینی بۆ ڕۆحییەتی برایەتی و دۆستایەتی و هاوسۆزییان هەیە، هیواخوازە ئەو بۆنەیە دەرفەتێكی نوێ بێت بۆ بەهێزكردنی گیانی تەبایی و برایەتی، هەوڵدانی هەموو لایەك بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و بەها باڵاكانی گەلی كوردستان.
هیوای خێر و خۆشی بۆ گەلی كوردستان و هەموو عێراق و ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەكە و دنیا دەخوازین.
پارتی دیموكراتی كوردستان
سكرتاریەتیی سەرۆك


































































