هونهر مهحموود
پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، گەیشتۆتە قۆناغێکی هەستیار لە سەر عێراق و بە تایبەت هەرێمی کوردستان.
ئەم ڕووبەڕووبونەوەیه سنورەکانی خۆی بەزاندووە و ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ناوخۆی عێراق دروستکردوە، کە ناوچەکە بووەتە ئامانجی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بارەگاکانی حکومەت و ژێرخانی ژیانی کردۆتە ئامانج.
دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری عێراق و هەرێمی کوردستان کە بە پاڵپشتی هەندێک گرووپی چەکداری دەیکەن لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت، ئامانجێکە بۆ قووڵکردنەوەی دابەشکارییە ناوخۆییەکان و لاوازکردنی دامودەزگاکانی حوکمڕانی. ئەم دەست تێوەردانانە مەبەستن بۆ گۆڕینی عێراق به گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشە ئیقلیمییەکان و بڕیارە سیاسییەکان دەکاتە بارمتەی فشارە دەرەکییەکان.
دەستدرێژی بۆسەر هەرێمی کوردستان؛
بە ئامانجگرتنی بارەگاکانی حکومەت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری عێراق نیشان دەدات. ئەم هێرشانە تەنیا بە زیانی ماددی سنووردار نین، بەڵکو ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری سیاسی و ئیداریی ناوچەکەیە، هەروەها پەیامی فشارە بۆ حکومەتی ناوەندی لە بەغدا .
هێرشەکان بۆسەر ژێرخان و دامودەزگا حکومییەکان لە هەرێمی کوردستان، نیشاندەرێکی مەترسیدارە بۆ قەبارەی ئەو تەحەددایانەی کە ڕووبەڕووی عێراق دەبێتەوە لە نێوان ململانێی ئەمریکا و ئێراندا. ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تەحەددییانە پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسی یەکگرتوو و چاکسازیێکی بنەڕەتی ئابووری و ئەمنی و دیدێکی ستراتیژیی هەیە، کە عێراق وەک بەشداربووییەکی کارا جێگیر بکات نەک تەنها کاریگەر لەسەر كراو بێت.


































































