زاری كرمانجی :
هاوپەیمانیی سیادە سەركۆنەی هێرشە درۆنییەكانی سەر پیرمام دەكات و بە “كارێكی تیرۆریستی” ناوی دەبات.
سەرمەد خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانییەكە رایدەگەیەنێت، بەئامانجگرتنی دامەزراوە فەرمییەكان مەترسییە بۆ سەر سەقامگیریی عێراق و داوا لە حكوومەتی فیدراڵی دەكات رێگریی لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە بكات كە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دەخەنە مەترسییەوە.
ئەمە دەقی بەیاننامەی هاوپەیمانیی سیادەیە:
هاوپەیمانیی سیادە سەركۆنەی ئەو هێرشە دەكات كە كرایە سەر نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەڕێز مەسرور بارزانی، و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی “پاراستن” لە هەولێر. هاوپەیمانییەكە ئەم هێرشە بە كارێكی تیرۆریستی و بە ئامانجگرتنی راشكاوی دەوڵەت دادەنێت، كە پەرەسەندنێكی نیگەرانكەر و دەستدرێژییەكی رەتكراوەیە بۆ سەر ئاسایشی عێراق و سەلامەتی دامەزراوەكانی.
هاوپەیمانییەكە جەخت لەوە دەكاتەوە كە پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراق بەرپرسیارێتی دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەكانە، هەر لایەنێك لە پشت ئەم هێرشانەوە بێت، ئەوا زیان بە شكۆی دەوڵەت دەگەیەنێت و هەڕەشە لەو سەقامگیرییە دەكات كە عێراق لەم قۆناخەدا پێویستی پێیەتی.
هاوپەیمانیی سیادە داوا لە حكوومەتی فیدراڵی و لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەكان دەكات، رێكاری پێویست بگرنەبەر و كار بكەن بۆ رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە رووداوانە، چونكە دۆخە ئەمنی و سیاسییەكە ئاڵۆز دەكەن و بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دەخەنە مەترسییەوە.
سەرمەد خەنجەر
سەرۆكی هاوپەیمانیی سیادە


































































