سەردار قازی ـ ئیدارەی سۆران:
نزیك دەبینەوە لەدوا ساتەكانی ساڵی 2022 و، پێ دەنێینە ساڵێكی نوێی زاینی.
ساڵی 2022 هەزاران رووداوی جۆراوجۆری وەرزشی جیاوازی لەخۆگرتبوو، سەدان پێشهاتی سەیر و سەرنج راكێش روویاندا. گەلێك سەختی دڵی هاوسۆزانی ئەو بوارەی تەنگ كرد، زۆرێكی دیكە دڵشاد.
لەكەشی ژیانی هەر تاكێكدا بەشێوەی جیاواز رووداوەكان بەرجەستە بوونە.
گەر بێینە سەر رەوشی وەرزشی لەئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆمان دیار دەبێت، كە پشكی شێری خۆشییەكان بەر یانەی رواندز كەوتوون، بەوەی یانەكەیان بۆ یەكەمین جار لەمێژوو سەرخستوە بۆ ریزی یانە پلە یەكەكان، و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران ـیش وەك پاداشتێك بڕیاریدا یاریگەكەیان بۆ نۆژەن بكاتەوە. هاوكات مانەوەی یانەی سۆران، لەخولی نایاب لەدواساتەكان لایەنێكی دیكەی خۆشییەكان بوو. ئەوەی بووە جێی نیگەرانی كشانەوەی یانەی هەڵۆ بوو لەریزی نایاب و، دابەزینی یۆ خولی یانە پلە یەكەكان.
سەركەوتنی یانەی رواندز بۆ ریزی یانە پلە یەكەكان بوەتە جوانترین یادگاری لەهزری ئەو یاریزانانەی كە وەرزی رابردوو رۆڵیان هەبووە لەو دەسكەوتە.
عەلی محەممەد، كە ساڵانێكی زۆرە كاپتن و سەركردەی تیمی رواندزە لەسەر لاكێشەی سەوز، بەم شێوەیە گوزارشت لەساڵی رابردووی دەكات: “خۆشترین ساتی وەرزشیم لەساڵی 2022 وەدیهاتنی خەونی لەمێژ ساڵەی رواندزییەكان بوو، بەوەی دوای چاوەڕوانییەكی زۆر توانیمان یانەكەمان سەرخەین بۆ ریزی یانە پلە یەكەكان. ئەو ساتانە هەرگیز لەبیرگەی مندا ناسڕێنەوە و، بەردەوام وەك بیرەوەرییەكی نایاب و، بارگاوی بەشانازی دەمێنێتەوە.”
عەلی باسی ناخۆشترین ساتی دەكات لەو ساڵەدا و، دەڵێت: “كرانە دەرەوەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لەقۆناخی كۆمەڵەكانی جامی جیهانی بەتەواوی بێتاقەتی كردم، چوون دەمێك ساڵە خۆنەویستانە هاندەرێكی سەرسەختی مانشافت ـم.”
كاپتنی یانەی رواندز، ئاواتی خۆی بۆ ساڵی نوێی زاینی باس دەكات: “بەهیوام ساڵی 2023 ببێتە درێژەپێدەری ئامانجەكانم و، بتوانم گەرم و گوڕتر دڵی هاندەرانی یانەكەم خۆشبكەم.”
رێباز محەممەد، وەرزشكارێكی دیكەی سنووری قەزای رواندزە و، ناوێكی دیاری هۆڵەكانی لەشجوانییە، ئەم بەشێوەی جیاواز یادگارییە تاڵەكەی ساڵی 2022 دەگێڕێتەوە: “ناخۆشترین یادگاریەكانی ساڵی 2022 ـم، رووداوی كچە بچوكەكەم بوو رۆنیا، كە لە پەیژەی ماڵی پورم كەوتەخوار بۆ ماوەی 35رۆژ بێ هۆش بوو تاكو ئێستاش چارەسەری پزیشكی وەردەگرێت، بەڵام سوپاس بۆخوا رۆژ لەدوای رۆژ باشتر ئەبێت.”
خۆشترین ساتی من ئەو ساتەنەیە، كاتێك دكتۆر بەهۆی كێشەی تەندروستی كەسێك ئەنێرێت بۆ هۆڵ و ئەبمە هۆی باش بوونی باری تەندروستی كەسەكە لەرێگەی راهێنان و سیستەمی خەوو خۆراك.”
رێباز، باسی خەونی خۆی بۆ ساڵی 2023 دەكات: “ئاواتەخوازم بۆ ساڵی نوێی 2023 سەفەری وڵاتی سعوودییە بكەم و بەمەبەستی حەج كردن، كوردستانمان پارێزراوبێت ببێتە ساڵی خۆشی و، باش بوونی دۆخی ئابوری بۆ هاووشاریان، لەپاڵ ئەوانەدا زیاتر گرینگی دان بە وەرزش.”
شوانە عەبدوڵڵا، هەم راهێنەرە و هەمیش شرۆڤەكار، هاوكات یاریزانێكی دێرێنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە.
بەشێك جیاواز وەسفی ساڵی داهاتوو دەكات.
شوانە دەڵێت: ” ناخۆشترین یادگاری وەرزشی لەساڵی 2022 ئەوكاتەی هەڵبژاردەی بڕازیل لە مۆندیالی قەتەر ماڵئاوایی كرد. لەبەرانبەردا سەركەوتنی یانەی وەرزشی رواندز بۆ ریزی یانە پلە یەكەكان، دەسكەوتێكی مەزن بوو بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.”
شوانە، دێتە سەر باسی هیواكانی بۆ ساڵی نوێ و ئاماژە بەوەدەدات: “ئاواتی وەرزشیم بۆ ساڵی 2023، پێدانی بایەخێكی زیاتر بە وەرزشی ئەم دەڤەرە و، ئاواتە وەرزشیەكانم بێتە دیی. هاوكات پلانم ئەوەیە، كە لە 2023هەوڵ بدەم وەكو راهێنەر بگەرێمەوە و، هەروەها هەنگاویش دەنێم بۆ پیشەی راگەیاندكاری وەرزشی.”
شەرمین خالید، خانمە وەرزشكارێكی ئیدارەی سۆرانە و، ئەم دەرفەتەی بەهەل زانی تا گوزارشتی ساتەكانی ساڵی رابردووی و، ئاواتی ساڵی داهاتووی باس بكات: “ناخۆشترین یادگاریم لەساڵی ٢٠٢٢ كە وێنایەكی تراژیدیابوو، گریانی كریستیانۆ رۆناڵدۆ بوو، دوای ئەوەی هەڵبژاردەكەی لەقۆناخی چارەگی كۆتایی مۆندیالی قەتەر ماڵئاوایی كرد.”
ئەو خانمە دەشڵێت: “بەهیوام لە٢٠٢٣ بایەخێكی زیاتر بەپێشڤەچوونی وەرزش بدرێت، بەتایبەت بۆخانمان كارئاسانی زیاتریان بۆ بكرێت، بۆ ئەوەی بێنە ناو دنیای وەرزش و لێ دانەبرێن.”
دەمێك ساڵە لەبواری وەرزشی كاردەكات و، جێپەنجەی هەیە. هۆگر ئەحمەد، ئەندامی دەستەی كارگێڕی یانەی وەرزشی سۆرانە و، ئەمیش باسی یادگارە تاڵەكەی دەكات: “ناخۆشترین یادگاری وەرزشی لەساڵی 2022، لای من كرانە دەرەوەی بڕازیل بوو لەقۆناخی چارەگی كۆتایی مۆندیال، چونكە پێم وابوو ئەم مۆندیالە لەبارترین دەرفەتە بۆ هەڵبژاردەیە تا ژمارەی نازناوەكانی بگەیێنێتە 6 نازناو.”
هۆگر، ئاوات و پلانی بۆ ساڵی نوێ باس دەكات: “ئاواتی وەرزشیم بۆ ساڵی 2023 بەهیوام دەستی گەنجان بگرن و، پەلكێشی سەر ستەیجیان بكەن، تا تواناكانی خۆیان نمایش بكەن و، رۆڵیان خۆیان لەپێشڤەچوونی وەرزشی ئەم دەڤەره ببینین. هاوكات پلانم وایە و ھەوڵدەدەم لەپێناو درەوشانەوەی زیاتری یانەی وەرزشی سۆران و، دانانی بناغەیەكی پتەو بۆ داهاتوو.”
بڵند رابەر، هێرشبەری یانەی وەرزشی هەڵۆیە پێكانەكەی ناخۆشترین ساتی وەرزشی 2022 ـی بووە: “ناخۆشترین یادگاری وەرزشیم لەساڵی 2022 ئەوكاتەی تووشی پێكان بوم لەكاتی مەشقەكان لە یانەی هەڵۆ، ئامادەسازییەكی چڕم بۆ وەرزی نوێ كردبوو لەناكاو تارماییەك دایپۆشم پێكانێك تا ئەم ساتەش لەیاریگەكانی دوورخستمەتەوە.”
بڵند ئاماژە بەوەشدەدات: “ئاواتی وەرزشیم بۆ ساڵی 2023 پێكانەكەم تێپەرێنم و، بگەرێمەوە یاریگەكان بە باشترین شێوە. هەروەها پلانی وەرزشیم بۆ سالی 2023 هەوڵی گەیشتن بە بەرزترین ئاستی وەرزشی دەدەم و، ئەوەی لەساڵی 2022 نەمتوانی وەدیبهێنم لەساڵی نوێ ئەنجامی بدەم.”
دەروازە ئیدریس، لە دایك بووی 1996 شاری رواندزە، مامۆستای وەرزشە، بەم شێوەیە وەسفی ناخۆشترین ساتی 2022 ـی دەكات: “ناخۆشترین یادگاری وەرزشی لەساڵی 2022، ئەو كاتە بوو كە هەڵبژاردەی ئارجێنتینا، سەركەوت بۆ فایناڵی مۆندیالی قەتەر. ئاواتمە لە ساڵی 2023، گرنگی زیاتر بە وەرزش بدرێت بەتایبەتی لەبواری خانمان لەپێناو بەرەو پێشچونیان لە یاریە وەرزشیەكان.”
ساڵی 2022 بەشێوەیەكی گشتیی لەهەردوو لایەنی دڵشادی و ناخۆشیدا لەژیانی بەشێكی زۆری مرۆڤەكاندا هاوسەنگ بووە. لەكەشی وەرزشی جیهانی بۆ یانەی ریال مەدرید، لیۆ مێسی و كەریم بێنزیما ساڵێكی تەواو جیاواز بوو بەوەی توانیان دەسكەوتی گەورە دەستەبەر بكەن.
دەروازە، پلانی خۆیشی باسدەكات: “پلانی وەرزشیم بۆ ساڵی 2023 هەوڵدەدەم وەكو كەسێك وەرزشی خۆم بەرەوە پێشەوە بەر، بتوانم لەرێگەی چالاكی و پراكتیزی جۆراوجۆر تواناكانم بناسێنم.”