ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
بەگوێرەی نوێترین ئاماری ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا کۆی ٦١ هەزار و ٣٢٨ مامەڵەی هاوسەرگیری لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە، کە بەراورد بە ساڵی پێشوو ١٠ هەزار و ٣١٠ هاوسەرگیری زیاترە.
لە ئامارەکەدا، پارێزگای سلێمانی بە ٢٥ هەزار و ٦٧٨ مارەبڕین لە پلەی یەکەمە، دوای ئەویش هەولێر بە ١٩ هەزار و ٦٢٠، دهۆک بە ١٢ هەزار و ٩٥٥ و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە ٣ هەزار و ٦٦ مارەبڕین دێن.
بەپێی هەمان ئامار، ژمارەی هاوسەرگیری لە هەموو ناوچەکانی هەرێم بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٤ زیاد بووە. لە هەولێر ژمارەی مارەبڕینەکان لە ١٧ هەزار و ٥٩١ـەوە گەیشتووەتە ١٩ هەزار و ٦٢٠، واتە ٢ هەزار و ٢٩ مارەبڕین زیاد بووە. لە سلێمانیشدا ژمارەکە لە ١٨ هەزار و ٥٢٢ـەوە بۆ ٢٥ هەزار و ٦٧٨ بەرز بووەتەوە، کە زیادبوونێکی ٧ هەزار و ١٥٦ مارەبڕینە. لە دهۆک، ژمارەی هاوسەرگیری لە ١٢ هەزار و ١٩٩ـەوە بۆ ١٢ هەزار و ٩٥٥ زیاد بووە، هاوکات لە گەرمیانیش لە ٢ هەزار و ٧٠٦ەوە گەیشتووەتە ٣ هەزار و ٦٦ مارەبڕین.
لە بەرامبەر زیادبوونی هاوسەرگیری، لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا زیاتر لە ١٥ هەزار مامەڵەی جیابوونەوەش لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە. ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان ئاماری هاوسەرگیری و جیابوونەوەکانی پارێزگا و ناوچەکانی هەرێم بڵاو کردووەتەوە؛ لەو ئامارەدا هەڵەبجە لەگەڵ سلێمانی هەژمار کراوە و ئامارەکانی ئیدارەی گەرمیان لەژێر ناوی دادگەکانی کەرکووک/گەرمیان تۆمار کراون.


































































