ئەحمەد کامەران
نوسەر و مێژووناس
ئەرکی سەرەکی سەرشانی نوسەران و ڕووناکبیرانی ئەمڕۆ، لەتەواوی پرسە مێژووییەکان و نەتەوەییەکان دەبێت بەگرنگییەوە لێوەی بڕوانن و باسبکرێت بۆ نەوەکانی ئێستامان و داهاتوومان. هەرگیز نەکەونە ژێر چەتری بەرژەوەندیە حزبی و کەسییەکانەوە. دواجار ئەوەمان لەیاد نەچێت ڕۆژێکی پیرۆزی وەکو ۱٦ ئاب تەنیا هی پارتێک نەبوو ، بەڵکو دەسکەوتێکی گرنگی هەموو کوردێکی بەشەرەفی کوردستانە ، کە باوکی ڕووحی گەلی کورد مەلا مستەفای بارزانی پێشەنگایەتی هەموو گەلی کوردی کرد . پێویستە ڕاستیە گوتراوەکانی مێژووی خەباتی کورد بەردەوام بەگرنگی و شانازی باسی لێوەی بکرێت. لەهەمانکاتیشدا بتوانین کەموکوڕیەکانمان بکەینە وانەیەکی گرنگی مێژوویی بۆ خەباتی داهاتوومان . لە ئەمڕۆدا جێگای داخە بەهۆی گێژاوێکی پڕ لە ململانێ سیاسیەکاندا ، وامان لێهاتووە ڕۆژە نەتەوەیی و پیرۆزیەکانی خۆمانیش تا ڕادەیەک لەیاد بکەین. ئەمەش دواجار جگە لەخزمەت بە ئەجێندای سیاسی دوژمنان ، هیچ خزمەتێکی دیکە بە گەلی کورد ناکات. چونکە لە یادمان نەچێتەوە ، دوژمنان دەخوازن ڕۆژە هەرە گرنگ و پیرۆز و سەروەریەکانمان بەلاڕێدا بەرن و ناخوازن بخرێتە بەرچاوی گەل و نەوەکانی ئێستامان . من داواکاریم لەسەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو نوسەرێکی گەنج و پسپۆڕێکی بواری مێژوویی کوردا ، ڕۆژێکی پڕ لە شانازی و دەسکەوتی وەکو ۱٦ ئاب بکات بە ڕۆژی جەژنی نەتەوەیی و مەراسیمێکی تایبەتی فراوانی جەماوەری ڕێکبخات لەهەموو کوردستاندا. کەتێیدا نیشانی تەواوی جیهانی بدەین ئێمە هەر زیندووین و ڕێبازی ۱٦ ئاب کلیلی بەرخودانەکانمانە بۆ دەستکەوتنی مافە ڕەواکانی کورد. جێگای باسە گەلی کورد لە ۱٦ ئابی ۱۹٤٦ سەرلەنوێ بە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە رووحی شۆڕش و بەرخودانی تێدا لەدایک بوو. هاوکات لە پاش ڕووخانی کۆماری مهاباد و لە سێدارەدانی قازی محمد ، کورد لەوکاتەدا توشی بێ هیوایی دەبێت لە شۆڕش بۆ ئازادی گەلەکەی . بەڵام دواجار وەکو ئەفسانەیەک پیاوێکی مەزن بەسەر ئەسپێکەوە بەناوی مەلا مستەفای بارزانی دێتەوە گۆڕەپانی خەباتی نەتەوەکەی . توانی سەرلەنوێ هیوای خۆری کوردان ئاوابکات و کوردان بە ئازادی خۆیان شوناس و زمانی خۆیان بناسن .
پێویستە لە دیوێکی دیکەی ئەم ڕۆژە پڕ سەروەرییەدا ، لەیادمان نەچێتەوە لەم ڕۆژەدا ، هاوکاتە لەگەڵ لە دایکبوونی ڕێبەری گەورەی ئاشتی خوازی گەلی کورد و تەواوی پێکهاتەکانی دیکە. ئەویش جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بوو ، لەپاش کۆچی دوایی باوکی ڕووحی گەلی کورد مەلا مستەفای بارزانی . توانی هەرزوو بەقارەمانێتی خۆی ببێتە دەنگ و ڕەنگی شۆڕشی ڕزگاری خوازی کورد . خۆشبەختانە تا ڕۆژی ئەمڕۆی لەگەڵدا بێت ، بۆتە کلیلی سەرەکی چارەسەری تەواوی پرسەکانی کورد ، لەتەواوی پارچەکانی کوردستانەوە . لەیاد نەکەین جەنابی سەرۆک بارزانی لە ڕووداوەکانی ڕۆژئاواش بەردەوام ڕۆڵێکی کارێزمای بینیوە بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان .دواجار بەبێ جیاوازی توانیویەتی بەبەردەوامی ڕۆڵی ئاشتی لە هەموو پارچەکانی کوردستان بگێڕێت و هەموو لایەنەکان بەیەک گوتار لەسەر یەک مێزی ئاشتەوایی کۆبکاتەوە .


































































