سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکدا بۆ ئەکادیمیای پۆلیس لە نیویۆرک ڕایگەیاند، بەم نزیکانە گەرووی هورمز دەبێتە بەشێک لە ئەمریکا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد، هیچ کەشتییەک بەبێ مۆڵەتی واشنتن بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ نابێت، چونکە گەمارۆ دەریاییەکەیان وەک دیواری پۆڵاینە و گەرووەکەش دەبێتە بەشێک لە خاکی ئەمریکا.
هەروەها جەختی کردەوە گرنگترین ئامانج بەرامبەر ئێران ڕێگریی دەستڕاگەیشتنیەتی بە چەکی ناوەکی، نابێت هەرگیز ئێران ببیتە خاوەن چەکی ئەتۆمی.
دۆناڵد ترەمپ، ڕایگەیاند، ئێران توانای ئاسمانی، دەریایی، سەکۆکانی مووشەک، درۆن و کارگە سەربازییەکانی لەدەستداوە و تەنیا بڕێکی کەم مووشەک و درۆنی بۆ ماوەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران ڕووبەڕووی قەیرانی سەرکردایەتی بووەتەوە و کەس ئامادە نییە بێتە سەر دەسەڵات.
ترەمپ جەختی کردەوە دۆخی ئابووریی تاران زۆر داڕماوە و ڕێژەی ھەڵاوسان لەو وڵاتە %350 ی تێپەڕاندووە.
ترەمپ لە کۆتاییدا بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند دوو ساڵ و نیوی دیکە هەڵبژاردنی نیوەی خول بەڕێوەدەچێت و ئەوەتان لەبەرچاو بێت ترەمپ چی بۆ کردوون، بەڵام بشزانن هێشتا زۆر شت ماوە بۆتان ئەنجامی بدەم.


































































