زیبا نایف دۆسكی
هەندێک ڕۆژ هەن تەنها ژمارەی سەر ڕۆژژمێر نین، بەڵکو دەبنە وەرچەرخانی مێژوویی و نەخشەی ئایندی نەتەوەیەک دیاری دەکەن. ١٦ی ئابی ١٩٤٦ بۆ گەلی کورد ڕێکەوتێکی لەو جۆرە بوو؛ ڕۆژێک کە تێیدا خەباتی ڕزگاریخوازی کورد لەپڕشوبڵاوییەوە هەنگاوی بەرەو ڕێکخستنێکی نەتەوەیی ناوە و ڕێبەرێکیش لە دایک بوو کە تەواوی ژیانی بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەی تەرخان کرد.
لە لایەکەوە، دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕێبەرایەتی باوکی نەتەوەیی کورد، مەلا مصگفی بارزانی، لە قۆناغێکدا کە ئومێدەکان کز ببوون، ڕۆحی بەرگری و ڕاستبوونەوەی بە بەر جەستەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازدا کردەوە. لە لایەکی ترەوە، لە هەمان ڕۆژدا و لە سایەی ئاڵای پیرۆزی کۆماری کوردستان لە مهاباد، سەرۆک مسعود بارزانی لەدایک بوو.
سەرۆک بارزانی، کە لە ناخۆشی و سەختییەکانی شۆڕش و لەناو سەنگەری پێشمەرگایەتیدا گەورە بوو، توانی لە هەموو وەرچەرخانە سیاسی، سەربازی و دیپلۆماسییەکاندا پارێزەری سەرسەختی کەرامەت، دەستکەوتە نیشتمانییەکان و مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی کوردستان بێت.
ئەمڕۆ کە یادکردنەوەی ١٦ی ئاب دەکەینەوە، تەنها شانازی بە ڕابردووەوە ناکەین، بەڵکو جەخت لەسەر پەیامی بنەڕەتیی ئەم ڕۆژە دەکەینەوە: بەهێزکردنی ئیرادە، پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، و بڕوابوون بە یەکڕیزیی نیشتمانی وەک تاکە زامنی ئایندەیەکی سەربەرز بۆ نەوەکانی داهاتوو.


































































