ماوەی ئاگڕبەستی نێوان ئەمریكا و ئێران دوای جەنگێكی وێڕانكەر بەرەو كۆتایی دەچێت، تا ئێستا دیار نییە ئەم ماوەیە درێژ دەكرێتەوە یا جەنگ دەست پێدەكاتەوە .
بەگوێرەی ڕاپۆرتی پۆڵەتیکۆ، ئاگربەستێکی چەندجار پیشێل كراو کە ماوەی مانگێک لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوام بووە، بڕیارە رۆژی دووشەممە کۆتایی پێبێت و دانوستانەکان بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە و کۆتاییهێنان بە جەنگ گەیشتۆتە بن بەست. بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی ڕایانگەیاند کە دانوستانەکان بەهۆی دابەشبوونی قووڵ لە نێوان سێ بلۆکی سەرەکی دەسەڵاتی ئێران (سوپای پاسداران، پیاوانی ئایینی و حکومەت) و زیادبوونی داواکارییەکانی تاران ئاڵۆزتر بووە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو کۆماری ئیسلامی داخوازییەکانی خۆی چڕتر کردووەتەوە و خوازیاری قەرەبووکردنەوەی شەڕ و ئازادکردنی سەروەت و سامانی بلوك كراو و کۆتایی هێنان بە هەڕەشەکان لە دژی بریکارەکان و خەرجکردنی باج بۆ تێپەر بوون لە گەرووی هورمز بووە، لە كاتێكدا واشنتۆن هەر جۆرە وەرگرتنی پارە لە ڕێڕەوی ئاوی گرنگدا بە “هێڵی سووری دانوستان ” دەزانێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەم كەناڵە میدیاییە، لەگەڵ هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە کەنداو و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، ئیدارەی ترەمپ هەوڵدەدات تاران بگەڕێنێتەوە سەر مێزی دانوستانەکان بە جێبەجێکردنی گوشاری دارایی توند و پاراستنی گەمارۆی دەریایی کەناراوەکانی ئێران، کۆشکی سپی هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە واشنتۆن چەندین ئامرازی لەبەردەستدایە بۆ پەکخستنی ئابووری کۆماری ئیسلامی ئێران.
لە لایەكی دیكەشەوە وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆ میدیاكانی وەڵاتەكەی قسەی كردووە و گووتی ” هیچ بڕیارێكمان بۆ دەست پێكردنەوەی دانوستانەكان لەگەڵ ئەمریكا نەداوە “.
































































