” ئامانجی سەرەكی هەموو دامەزراوەیەكی پەروەردە و فێركردن خزمەتكردنی كۆمەڵگەیە”
” هەندێك لە زانكۆكانی كوردستان كاریان تەنها دابەشكردنی بڕوانامەیە”
مستەفا دۆلەمەری- زاری كرمانجی:
لە هەموو وڵاتان زانكۆ بە ناوەندێكی گرنگی ئەكادیمی و زانستی دادەندرێت و لەو رێگەیەوە هەوڵی پێگەیاندنی تاك دەدرێت و شوێنێكە بۆ فێركردن و توێژینەوە و دواجار بڕوانامەی باوەڕپێكراو دەبەخشێت.
زاری كرمانجی لەو راپۆرتەیدا، بۆچوونی قوتابییان و مامۆستایانی زانكۆی وەرگرتووە، لە بارەی رۆڵ و كاریگەری زانكۆ لە پەروەردەكردن و پێگەیاندنی تاك، هەروەها ئەو پڕۆگرام و سیستەمانەی كە ئێستا پەیڕەو دەكرێن، لەگەڵ ئەو پێشكەوتنەی ئابووری، كۆمەڵایەتی، كلتووری كوردستان دەگونجێن؟.
د. كارمەند عەبدوڵا، راگری فاكەڵتی ئاداب لە زانكۆی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت:” لە ئێستادا جۆرێك لە دابڕان لە نێوان زانكۆ و كۆمەڵگەدا بەدی دەكرێت، پێویستە نزیكەیەكی زۆر لە نێوان زانكۆ و كۆمەڵگەدا هەبێت، چونكە دواجار ئامانجی سەرەكی هەموو دامەزراوەیەكی پەروەردەی و فێركردن بریتیە لە خزمەت كردن بە كۆمەڵگە، ئەوەش لە رێگەی دروست كردنی تاكێكی بەرهەمدار، یەكێك لە پیشە سەرەكیەكانی زانكۆ ئەوەیە كە بتوانێت ئەو تاكە بەرهەمدارە دروست بكات، بەڵام ئەو تاكە پێویستە بەرپرسیار و وشیار، چالاك، بێت.
راگری فاكەڵتی ئاداب، دەڵێت:” ئەوەی ئێستا بە دی دەكرێت لە زۆربەی زانكۆكانی كوردستان، تەنها بڕوانامە دابەش دەكەن و خاوەن بڕوانامەكانیش ناتوانن ئەو رۆڵە گرینگە بگێڕن كە كۆمەڵگە پێویستیەتی، ناكرێت زانكۆ تەنها وەكو یەك دامەزراوەی سەربەخۆ بەدەر لە هەموو ژینگەی دەوروبەری خۆی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، زانكۆ دەكەوێتە ژێڕ كاریگەری ئەو دۆخە گشتییەی كە لە كۆمەڵگەدا هەیە وەكو دۆخی سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی، هەرچەندە بەشێك لە رەخنەكان بەر زانكۆ دەكەون بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا، دەزگا و دامەزراوەكانی دیكەش كەمتەرخەم بوونە و هۆكارن بۆ ئەوەی زانكۆ نەتوانێت ئەو رۆڵە بگێڕێت.
زەهرا ئیسماعیل، قوتابی زانكۆی سۆرانە و گووتی:” راستە زانكۆكان گەورەترین ناوەندی زانستی و ئەكادیمین، بەڵام دەگەڕێتەوە سەر قوتابی كە تاچەند هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی پێش بكەوێت و خۆی پێ بگەیەنێت، زانكۆ هەرچەند ئاستی بەرز بێت و مامۆستای باشی هەبێت هیچ گرینگیەكی وای نابێت ئەگەر قوتابی بڕیاری ئەوەی نەدابێت خۆی پێبگەینێت و هەوڵی بۆ نەدات .
دووپاتی كردەوە، قوتابیەك كە لە زانكۆ بخوێنێت تەنها مەبەستی بە دەستهێنانی بڕوانامە بێت، ئەوا هیچ كاتێك سوودی بۆ كۆمەڵگە نابێت و ناتوانێت پێش بكەوێت، بۆیە لێرەدا پێش هەموو شتێك پێویستە قوتابی بیەوێت پێش بكەوێت، ئەوكاتە سوودی بۆخۆی و كۆمەڵگەكەی دەبێت.
زەهرا، سەبارەت بەو پڕۆگرام و سیستەمانەی كە لە ئێستاد لە زانكۆ پەیڕەودەكرێت، دەڵێت:” لە زۆربەی زانكۆكان قوتابی تەنیا گرینگی دەدات بە نمرە، ئەم سیستەمەش هەڵەیە، لەسەر مامۆستایان پێویستە وا لە قوتابی بكات تەنیا پشت بەو بابەتە نەبەستێت كە لە بەردەستیەتی، بەڵكو هەوڵبدات سوود لە سەرچاوەكانی دیكە وەربگرێت، لە ئێستادا سیستەمێك لە زانكۆكان جێبەجێ دەكرێت كە پێی دەڵێن سیستەمی ” بۆڵۆنیا “ئەم سیستەمەش تا رادەیەك باشە چونكە زیاتر قوتابی بەشداری دەبێت و چالاكی زیاتر دەبێت، هەموو شتێك دەگەڕێتەوە سەر قوتابی ئەگەر خۆی هەوڵبدات و چالاكی هەبێت ئەوا بە گوێرەی توانای خۆی نمرە وەردەگرێت و سەركەوتوودەبێت.
د. كارزان حەسەن، مامۆستا لە زانكۆی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” زانكۆكان رۆڵیان هەبووە لە پەروەردەكردنی تاك لە دروست كردنی نەوەیەكی تەندروست، توانیویەتی كۆمەڵێك گەنج بەرهەم بهێنێت كە نوێنەرایەتی كۆمەڵگە بكات، بەڵام بەڕاستی لە ئاستی خواستی ئێمە دانییە، چونكە زانكۆ گەورەترین ناوەندی ئەكادیمیە بۆ بەرهەمهێنانی زانست و زانیاری و پێگەیاندنی چەندەها كادیر و رۆڵی پێش كەوتوو بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سوودی لێببینن.
د. كارزان حەسەن، لە كۆتای قسەكانی گووتی:” بە شێوەیەكی گشتی هەوڵدراوە كە هەموو ئەو سیستەم و پرۆگرامانەی كە لە زانكۆكاندا دەخوێندرێن و پێویستە زیاتر سەرنج لە سەر ئەو بەشانە بێت و گرنگییان پێبدرێت كە لەو دەڤەرە دەبنە هۆی بەدەست هێنانی هەلی كار و بوژانەوەی ئەو ناوچانە.
شەهزاد محەمەد، قوتابیەكی دیكەی زانكۆی سۆرانە، دەڵێت:” زانكۆ ئەو شوێنەیە كە تایبەتە بە فێركردن و بەرەوپێشبردنی توانای تاكەكان و كار دەكرێت بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی كە هەیانە، تاوەكو بتوانن خۆیان بەڕێوەببەن و پەرە بە تواناكانیان بدەن متمانەیان بە خۆبێت، مامۆستا خاوەن كەسایەتیەكی دیار و تێڕوانینێكی سەبارەت بە هەر بوارێكی ژیان، بۆیە پێویستە تەنیا گرینگی بە پەروەردە و فێركردن نەدات، بەڵكو پێویستە لایەنی دەرونی و سایكۆلۆژی قوتابی لە بەرچاو بگرێت، چونكە لایەنی دەروونی تاك رەنگدانەوەیە لەسەر كەسایەتی تاك .
گووتیشی:” سەرەتا پێویستە لایەنی دەروونی تاك لە بەرچاو بگرێت و هانی بدات بۆ گەیشتن بە ئامانجەكەی بۆ ئەوەی بتوانێت لە ژیانی رۆژانەیدا سەركەوتوو بێت، زۆربەی زانكۆكان گرنگی بە بەها كۆمەڵایەتی وكلتووری دەدەن كە ئەمەش دەبێتە رێگایەك بۆ ئاڕاستەكردنی كۆمەڵگیەكی پێشكەوتوو و وشیارتر”.