زاری كرمانجی – هەولێر:
سەرۆکی لیژنەی پێشووی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، بۆ ئەوەی پەرلەمانی کوردستان تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە، پێویستە پێش تەواوبوونی ماوەی پەرلەمان پڕۆژەیاسایەک پێشکەش بکرێت و لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر کرێت و ماوەیەک دیاری بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت، ئەوکات دەبێتە بڕیارێکی یاساییی ماوەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان.
شێروان حەیدەری، سەرۆکی لیژنەی پێشووی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”پەرلەمانی کوردستان پێش ئەوەی وادەی تەواو بێت، دەبێت پڕۆژەیاسایەک پێشکەش بکرێت لەلایەن 10 ئەندامی پەرلەمانەوە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ ئەوەی تەمەنی پەرلەمان درێژ بکرێتەوە و دواتر لە کۆبوونەوەی پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت کە پەسەند کرا دەبێتە بڕیارێکی یاسایی بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بەپێی ئەو ماوەی دیاری دەکرێت لە پڕۆژەیاساکەدا.”
شێروان حەیدەری گوتیشی: ”پەرلەمانی کوردستان پێویستە ماوەکەی بەگوێرەی پێویستی کۆمسیۆن درێژ بکاتەوە کە ئایا ئێستا کۆمسیۆن کارا دەکرێتەوە و یاسای هەلبژاردن هەموار دەکرێتەوە، یاخود نا، چونکە کۆمسیۆن شەش مانگی بۆ ئامادەکاری پێویستە.”
حەیدەری باسی لەوەش کرد: ”چاوەرێ دەکرێت شەش مانگ تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە، بۆ بەهاری ساڵی داهاتوو، بۆ ئەوەی تا ئەو کاتە هەڵبژاردن بکرێت.”