ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
لە چوارچێوەی پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی لە نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی، ٤٥ مامۆستا و قوتابیی زانکۆ لە وڵاتانی ئوردەن، عومان، فەلەستین و یەمەن سەردانی دەڤەری بارزانیان کرد.
ڕاگەیاندنی دەزگای خێرخوازی بارزانی بڵاوی کردووەتەوە، ئەم گەشتە زانستی و کولتوورییە لە ڕێگەی زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان و نوێنەرایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئاکرێ، لە ڕێکەوتی ٦ی ئاب ڕێکخرا و تا چەند ڕۆژێک بەردەوام بوو.
لە بەردەوامی بەرنامەکەدا، لە ڕێکەوتی ١١ی ئاب، بەشێک لە قوتابیان سەردانی ژمارەیەک لە گرنگترین شوێنە مێژوویی و نیشتمانییەکانی دەڤەری بارزان کرد و لە نزیکەوە لەگەڵ بەشێک لە مێژوو و کلتووری ناوچەکە ئاشنا بوون.
میوانان سەرەتا سەردانی مەزاری نەمران کرد و لەلایەن شێخ خەلات بارزانییەوە پێشوازییان لێکرا. دواتر، لە یادگەی بارزانی، بەشە جۆراوجۆرەکانی یادگەکەیان بینی و زانیارییان لەبارەی مێژووی خەبات و ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر وەردەگرت.
هەروەها سەردانی مۆنومێنتی جینۆسایدی بارزانییەکان و ئەشکەوتی شانەدەر کرا؛ دوو شوێنی گرنگ کە هەر یەکەیان بەشێک لە مێژوو و ناسنامەی ناوچەکە لەخۆ دەگرێت. لە کۆتایی بەرنامەکەشدا، لە نوێنەرایەتیی ئاکرێ، فلیمێکی دۆکیومێنتاری دەربارەی کار و چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ میوانان پیشان درا.
ئەم سەردانە، جگە لە ئامانجی زانستی و ئەکادیمی، هەنگاوێک بوو بۆ ناساندنی مێژوو، کلتوور و شوێنە مێژووییەکانی دەڤەری بارزان بە خوێندکارانی دەرەوەی وڵات، هەروەها بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە زانستی و کۆمەڵایەتییەکان لە نێوان قوتابیان و دامەزراوە ئەکادیمییەکان.


































































