ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
دادگای پێداچوونەوەی تورکیا بڕیارێکی نوێی لەبارەی خاوەندارێتی زێڕ و دیارییەکانی ئاهەنگی هاوسەرگیری دەرکردووە، بە گوێرەی ئەم بڕیارە، زێڕ و پارەکانی ڕێوڕەسمی «پێوەکردنی زێڕ» چیتر تەنیا بە موڵکی بووک هەژمار ناکرێن. بەڵکو دیاری و پارە و زێڕەکان بە هەرکام لە بوک و زاوا درابن، ئەو دەبنە خاوەنی سامان و زێڕەکان.
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، ئەو زێڕ و پارەیەی میوانان لە ئاهەنگی هاوسەرگیری ڕاستەوخۆ بە زاوا دەدەن، بە موڵکی تایبەتی ئەو دادەنرێت و لە کاتی جیابوونەوەدا نابێت بە شێوەیەکی خۆکار بە مافی بووک هەژمار بکرێت. چونکە لە نەریتی پێوەکردنی زێڕ و پارە بە بوک و زاواکان لە تورکیا، پێش ئەو بڕیارە ڕاستەوخۆ بۆ بوک دەبوو. بەڵام ئەم بڕیارە نەریتەکەی گۆڕی.
لە تورکیا، لە نەریتی «پێوەکردنی زێڕ»دا، میوانان لە کاتی ئاهەنگدا پارە و زێڕ بە شریتی ملی بووک و زاواوە دەکەن. بڕیارە نوێیەکە ئەم نەریتەی کردووەتە بنەمایەک بۆ دیاریکردنی خاوەندارێتی لە کاتی دروستبوونی کێشەی یاسایی یان جیابوونەوە. بەم پێیە، ئەگەر زێڕێک، وەک چارەگەی زێڕ یان هەر دیارییەکی تر، ڕاستەوخۆ بە زاوا بدرێت، خاوەندارێتییەکەی بۆ پیاوەکە دەبێت و بە موڵکی تایبەتی بووک هەژمار ناکرێت.
دادگا هەروەها ڕایگەیاندووە کە وێنە و ڤیدیۆکانی ئاهەنگ دەتوانن لە داهاتوودا وەک بەڵگە بەکاربهێنرێن بۆ دیاریکردنی ئەوەی زێڕ و دیارییەکان بە کام لایەن دراون. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دەرچووە کە داواکارییەکی ژنێک بۆ وەرگرتنەوەی ئەو زێڕانەی لە ئاهەنگەکەدا ڕاستەوخۆ بە هاوسەرەکەی درابوون، لەلایەن دادگا ڕەتکرایەوە.
بڕیارەکە دەتوانێت کاریگەریی گرنگ لەسەر کێشەکانی دابەشکردنی زێڕ و سامان لە کاتی جیابوونەوەی هاوسەرەکان لە تورکیا هەبێت، بە تایبەتی لەو حاڵەتانەی کە خاوەندارێتیی دیارییەکانی ئاهەنگ دەبێتە بابەتی ناکۆکیی یاسایی.


































































