ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی ئاب، کارۆلین لیڤیت، گووتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، دوای ساڵ و نیوێک لە پۆستەکەی، بڕیاریداوە دەست لە پۆستەکەی بکێشێتەوە، بۆ ئەوەی کاتێکی زیاتر لەگەڵ خێزانەکەی و دوو منداڵی بچووک بەسەر ببات.
لیڤیت لە پەیامەکەدا نووسیویەتی کە بوون بە سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی “گەورەترین شەرەف و سەرگەرمی ژیانم بووە” و سوپاسی دۆناڵد ترەمپی کردووە کە متمانەی پێکردووە بە بەرپرسیارێتی وتەبێژی حکومەت. هەروەها دەرفەتی بوونی لە کۆشکی سپی و گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان و بەرگریکردن لە ئەدای ئیدارەی ترەمپ وەک گرنگترین ئەزموونەکانی سەردەمی پۆستەکەی هێنایەوە.
سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی بە ئاماژەدان بە لەدایکبوونی کچەکەی نووسیویەتی، دوای گەڕانەوەی بۆ سەر کارەکەی، گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ناتوانێت باشترین دایک بێت بۆ منداڵەکانی و باشترین وتەبێژی کۆشکی سپی لە هەمان کاتدا؛ پرسێک کە لە کۆتاییدا وای لێکرد بڕیاری جێهێشتنی ئەو پۆستە بدات.
لیڤیت جەختی لەوە کردەوە کە دوای جێهێشتنی کۆشکی سپی، وەک یەکێک لە ڕاوێژکارە باڵاکانی ترەمپ لەسەر داوای ترەمپ بەردەوام دەبێت لە کارکردن لە دەرەوەی حکومەت و بەردەوام دەبێت لە لایەنگری بزووتنەوەی “ماگا” و پارتی کۆمارییەکان. هەروەها دۆناڵد ترەمپ چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ڕاستی کۆمەڵایەتی” ستایشی کارۆلین لیڤیتی کرد و بە “یەکێک لە باشترین وتەبێژەکانی کۆشکی سپی لە مێژووی ئەم پۆستەدا” ناوی برد. ترامپ هەروەها ڕایگەیاند کە لیڤیت دوای جێهێشتنی کۆشکی سپی وەک ڕاوێژکارێکی باڵا لە دەرەوەی حکومەت لەگەڵیدا کاردەکات و ڕۆڵی دەبێت لە چالاکییەکانی پارتی کۆمارییەکان، لەنێویاندا هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خول.


































































