ئەژین غەفار-زاری كرمانجی
ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) لە نوێترین ڕاپۆرتییدا ئاشکرای کردووە کە لە چوار مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ـدا، ژمارەی کۆچبەرانی گیانلەدەستداو و ونبوو لە هەندێک لە ڕێڕەوەکانی دەریای ناوەڕاست بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بووە، هاووکات ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی گەیشتوونەتە ئەورووپا کەمتر بووە.
بەپێی داتاکانی ڕێکخراوەکە، لە ڕێڕەوی ناوەڕاستی دەریای ناوەڕاستدا، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون، بە ١١١٪ زیادبووە و گەیشتووەتە ٨٢١ کەس، لە کاتێکدا ژمارەی گەیشتووان بە ئەورووپا ٤٦٪ کەمتر بووە.
ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ دەڵێت تەنها لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، بەهۆی گەردەلوولێکی بەهێز لە ناوچەکە، ٤٣٠ کۆچبەر خنکاون.
لە ڕێڕەوی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستیشدا، ژمارەی قوربانیانی خنکان بە ٢٥٩٪ زیاد بووە و کۆی گیانلەدەستداوان گەیشتووەتە ٢٤٤ کەس؛ زۆربەی ئەم ڕووداوانەش لە دەوروبەری دوورگەی کریت ڕوویداوە.
ئۆگۆچی دانیێڵز، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، جەختی کردووەتەوە کە کەمبوونەوەی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی دەگەن بە ئەورووپا، بە مانای ئەوە نییە کە ڕێڕەوەکانی کۆچ سەلامەتتر بوونەتەوە.
گۆڕانکاری لە ڕێڕەوەکانی کۆچ بەرەو ئیسپانیا
بەپێی ڕاپۆرتەکە، گەیشتنی کۆچبەران بە ئیسپانیا لە ڕێگەی ڕۆژئاوای ئەفریقا ٧٨٪ کەمیکردووە. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم کەمبوونەوەیە گۆڕینی شوێنی دەستپێکردنی گەشتەکان بۆ ناوچە دوورەدەستەکانی باشووری ئەفریقا بووە، کە وا دەکات مەسافەتی گەشتەکان درێژتر و مەترسیدارتر بێت. لە بەرامبەردا، گەیشتن بە ئیسپانیا لە ڕێگەی ڕۆژئاوای دەریای ناوەڕاست ٦٦٪ زیادیکردووە. ڕاپۆرتەکە ئەمە بە زیادبوونی پەڕینەوەکانی وشکانی بەرەو ناوچەکانی سیوتا و مێلیلیا پەیوەست دەکات.
کاریگەریی ملمڵانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست:
ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ ئاماژەی بە کاریگەریی جەنگ و ملمڵانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر جووڵەی کۆچبەران کردووە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئاوارەبوونی بەرفراوان لە لوبنان تۆمارکراوە، هەروەها لە مانگەکانی ئادار و نیساندا ڕێژەی ئەو کۆچبەرانەی گەڕاونەتەوە ناو خاکی سووریا زیاد بووە.
٣٠٤ ملیۆن کۆچبەری نێودەوڵەتی:
ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ دەڵێت، لە ئێستادا نزیکەی ٣٠٤ ملیۆن کۆچبەری نێودەوڵەتی لە جیهاندا هەن، کە بەشێکی زۆریان بۆ کار، خوێندن یان دۆزینەوەی ژیانێکی سەلامەتتر لە ناوچەکانی جیاوازدا دەژین و دەجووڵێنەوە.
ڕێکخراوەکە جەختی کردووەتەوە کە بەردەستبوونی داتا و زانیارییە وردەکان دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ دانانی سیاسەت و بڕیاری دروستتر، بە تایبەتی بۆ پاراستنی ژیانی کۆچبەران لە ڕێڕەوە مەترسیدارەکانی دەریا و وشکانی.


































































