ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگاداری لە بڵاوبوونەوەی جۆرێکی دەگمەن لە ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ دەدات و ڕایدەگەیەنێت کە لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە تا ئێستا، نزیکەی 4 هەزار حاڵەتی تووشبوون و 1850 گیانلەدەستدان بە تۆمار گەیشتووە.
فەرحان حەق، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند کە گرووپێکی راوێژکاریی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێشنیاری ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەکی کلینیکی لە کۆنگۆ داوە، بۆ ئەوەی کاریگەری و توانای ڤاکسینی «ئێڤێربۆ» لە بەرامبەر جۆرێکی دەگمەن لە ئیبۆلا هەڵبسەنگێنرێت.
بەپێی وتەکانی گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤاکسینی ئێڤێربۆ تا ئێستا تاکە ڤاکسینە کە بۆ بەکارهێنان دژی ئیبۆلا مۆڵەتی پێدراوە. ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە ڤایرۆسەکە بە خێرایی لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ بڵاودەبێتەوە.
ئەو جۆرەی ئیبۆلا کە لە کۆنگۆ بڵاو بووەتەوە، بە ڤایرۆسی «بوندیبوگیۆ» ناسراوە و یەکێکە لە جۆرە دیاریکراو و دەگمەنەکانی نەخۆشیی ئیبۆلا. بەپێی زانیاریی ناوەندی کۆنترۆڵ و پێشگیری لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، نەخۆشییەکە لە کۆنگۆ چڕ بووەتەوە و دواتر بۆ هەندێک وڵاتی دراوسێ، لەوانە ئۆگەندا، گواستراوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، فەرحان حەق بە پشتبەستن بە نوێترین ئامارەکانی سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان «یونیسێف»، ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەوە زیاتر لە 300 منداڵ بەهۆی ئیبۆلاوە گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی هەمان ئەو ئامارانە، منداڵان نزیکەی یەک لە چواری کۆی ئەو کەسانە پێکدەهێنن کە تووشبوونیان بە ئیبۆلا پشتڕاستکراوەتەوە، بەڵام ڕێژەی گیانلەدەستدان لەنێوان منداڵان نزیکەی یەک لە سێی کۆی گیانلەدەستدانەکانە.


































































