رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن ئاشكرای كرد، بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دوای چەندین کۆبوونەوە، رێککەوتنی کۆتایی لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی گومرگیی ئەسیکۆدا کراوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەت لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا باسی لە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا، قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت کرد.
وەزیری ناوخۆ روونكردنەوەی لەبارەی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا و نەمانی بازگە نایاساییەکان داو گووتی “بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دوای چەندین کۆبوونەوە، رێککەوتنی کۆتایی لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی گومرگیی ئەسیکۆدا کراوە. تەنیا یەک خاڵی ناکۆک مابوو ئەویش دابەشکردنی داهاتی خاڵە سنوورییەکان بوو. دواجار بەپێی دەستوور بڕیار درا بە رێژەی 50% بۆ هەولێر و 50% بۆ بەغدا دابەش بکرێت، بە جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە، ئاسانکاریی تەواو بۆ بازرگانان دەکرێت و کاری بازرگانی دەبووژێتەوە”.
رێبەر ئەحمەد لە بەشیكی قسەكانیدا ئاماژەی بەبوونی بازگە نایاساكاندا و گووتی ” بە پێویستی دەزانین، کۆتایی بەو بازگە نایاسایی و نادەستوورییانە بهێندرێت کە لە نێوان شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دانراون و باجی لەدەرەوەی یاسا لە خەڵک وەردەگرن”.
سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، وەزیری ناوخۆ ئاشكرای كرد” راپۆڕتێکی وردیان سەبارەت بە قەبارەی زیانەکان ئامادە کردووە و پێشکەش بە حکوومەتی فیدراڵییان کردووە، هەر چەندە ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردارییان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو هاووڵاتییانە نەناوە و تەنیا بەڵێنیان داوە”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، رێبەر ئەحمەد لەبارەی هۆکاری راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوتی لەلایەن بەشێک لە کۆمپانیا بیانییەکانەوە روونیكردەوە كە ” راگرتنی كاری كۆمپانیاكان بۆ ئەو هەڕەشانە دەگەرێتەوە كە لەناو خاکی عێراق و دەرەوەی عێراق دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، بۆیە داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ دەكەین سنوورێک بۆ ئەو هەڕەشانە دابنێت، چونکە بەبێ بوونی دڵنیایی ئەمنیی بەهێز، کۆمپانیاکان ناتوانن دەست بە کارەکانیان بکەنەوە”.
لەبارەی هەوڵەکان بۆ هێنانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، وەزیری ناوخۆ ئاشکرای کرد ” خەریکی گفتوگۆی بەردەوامین لەگەڵ کۆمپانیاکان و سەرۆکایەتیی دەستەی ئەرکانی سوپای عێراق، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین کۆبوونەوە و سەردان ئەنجام دراون و رەنگە لەم رۆژانەشدا کۆبوونەوەیەکی دیکە لە بەغدا بکرێت، هێنانی سیستەمی بەرگری و دژە درۆن کارێکی ئاسان نییە، بەڵام بەهۆی گرنگیی بابەتەکەوە، حکوومەتی فیدراڵی بەڵێنی هاوکاریی داوە.”
بە گووتەی وەزیری ناوخۆ” لەبەرئەوەی حکوومەتی فیدراڵی خۆی توانای پاراستنی کێڵگەکانی نییە، بەڵێنی داوە رێگە بدات کۆمپانیاکان خۆیان سیستەمەکە بهێنن، بۆ ئەمەش جۆرێک لە کاری هاوبەش و هەماهەنگی لە نێوان دامەزراوەکانی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی دروست دەکرێت بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە و پاراستنی سامانە نیشتمانییەکان”.


































































