ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
پرۆسەی ناوتۆمارکردن بۆ حەجی ساڵی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان، دوای زیاتر لە ٢٠ ڕۆژ لە دەستپێکردنی، کۆتایی پێهات و کۆی ٧٦ هەزار و ٢٦١ فۆڕمی داواکاری پڕکرایەوە.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ١١ـی ئابی ٢٠٢٦ ڕایگەیاند، “پرۆسەی تۆمارکردن لە شەوی ڕابردوو کۆتایی هاتووە و دەروازە ئەلیکترۆنییەکە داخراوە.” بەگوێرەی زانیارییەکان، تۆمارکردن بۆ حەج لە ٢١ـی تەمموز دەستی پێکرد و لە ماوەی کراوەبوونی دەروازەکەدا، ٧٦ هەزار و ٢٦١ فۆڕم پڕکرایەوە. کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا کە ژمارەی داواکارییەکان بە مانای ژمارەی کۆی ئەو کەسانە نییە کە داوای چوون بۆ حەج کردووە؛ چونکە لە هەندێک فۆڕمدا ناوی دوو یان سێ کەس تۆمار کراوە. ئەمساڵ، تەمەن وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ ناوتۆمارکردن دانەنراوە و هەروەها ئەو کەسانەی پێشتر فەریزەی حەجیان بەجێگەیاندووە نەتوانیویانە فۆڕمی نوێ پڕ بکەنەوە.
بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ژمارەی داواکارییەکان کەمترە؛ چونکە لە ساڵی پار زیاتر لە ٩٠ هەزار کەس فۆڕمی ئەلیکترۆنیی داواکارییان پڕکردبووەوە و لە کۆتاییدا ٥ هەزار و ١٢٠ کەس بە تیروپشک هەڵبژێردران. لە حەجی ئەمساڵیش، گەشتی یەکەمین گروپی حاجیانی هەرێمی کوردستان بۆ سعودیە لە ٧ی ئایار دەستی پێکرد و بەڕێوەبردنی دوایین گەشتیش لە ١٧ی ئایار کۆتایی هات.


































































