مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە ڕاپۆرتێكی دا پەردە لەسەر ئۆپەراسیۆنێكی ئەمنیی و نهێنی مانگی ڕابردوو لا دەبات، كە چۆن ترەمپ لە هەوڵێكی تیرۆركردن لە دوای جێهێشتنی توركیا خۆی لە چەنگی ئێران ڕزگار كردووە .
بە گوێڕەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەكە “هەواڵی تیرۆركردنتی ترەمپ هاوكات بوو لەگەڵ بەشداریكردنی لە لووتكەی ناتۆ لە ئەنقەرە و ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنەكە لە 8ی تەممووزدا ئەنجام دراوە، پلانی گواستنەوەكە بە جۆرێك بووە، فڕۆكەی ناسراوی سەرۆكایەتی (Air Force One) وەك تەڵە و بۆ چەواشەكاری بەكار هێنراوە.”
دەشڵێت “ترەمپ لەبەردەم چاوی كامێراكان لە فڕۆكەخانەی ئەنقەرە سەركەوتووە بۆ سەر فڕۆكە ڕاستەقینەكەی بۆینگ 747، بەڵام دوای چەند خولەكێك و دوور لە چاوی میدیاكان، پلانەكە گۆڕدراوە.”
بەرپرسێكی ئەمریكی بۆ واشتن پۆست ئاشكرای كردووە “ترەمپ و ژمارەیەك لە یاریدەدەرە باڵاكانی، لە ڕێگەی بارهەڵگرێكی فڕۆكەخانە، ئەوانەی خواردن و پێداویستی بۆ ناو فڕۆكە دەگوازنەوە بە نهێنی لە فڕۆكە سەرەكییەكەوە گوازرانەتەوە. بارهەڵگرەكە لە دەرگایەكی لایەكی دیكەی فڕۆكەكەوە كە ڕۆژنامەنووسان نەیانبینیوە، ترەمپی گواستووەتەوە بۆ فڕۆكەیەكی سەربازیی بچووكتر لە جۆری (C-32A).”
ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوەش كردووە كە ئۆپەراسیۆنەكە ئەوەندە نهێنی بووە، تەنانەت ڕۆژنامەنووسانی هاوڕێی سەرۆك و بەشێك لە كارمەندانی كۆشكی سپیش نەیانزانیوە كە ترەمپ لەناو فڕۆكەكەدا نەماوە.
ئەوەش هاتووە “فڕۆكە گەورەكە بەردەوام بووە لە گەشتەكەی و كۆدی پەیوەندیكردنی “Air Force One”ی بەكارهێناوە بۆ ئەوەی وا دەربكەوێت سەرۆكی تێدایە، لە كاتێكدا فڕۆكە سەربازییەكەی ترەمپ بە كۆدی نەناسراوی “Reach 18″ و بەبێ دەركەوتن لە سیستەمەكانی چاودێریی گشتی، بەرەو بەریتانیا بەڕێ كەوتووە.”
ئەم ڕێوشوێنە تایبەت و هەستیارە دوای ئەوە هات كە دەزگا هەواڵگرییەكان هەڕەشەیەكی دیاری كراوی ئێرانیان بۆ سەر ترەمپ یان فڕۆكەكەی دەستنیشان كردبوو.


































































