قەدریە مەحموود عەبدولڵا
قوتابی زانكۆی سۆران فاكەڵتی ئاداب
بەشی مێژوو قۆناغی چوارەم
بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان ئیدارەی سۆران كە سنووری چوار قەزاكانی (سۆران، مێرگەسۆر، ڕواندز، چۆمان) لەخۆدەگرێت، ناوچەیەكی كۆن و مێژوویەو چەندین میرنشینە كوردییەكان فەرمانڕەوایان تێدا كردووە، بە تایبەتیش لە سەردەمی میر محەمەد پاشای گەورەی ڕواندز میرێكی بەناوبانگی میرنشینی سۆران بووە، هەروەها سۆران بە شاری جوانی و پێكەوە ژیان ناسراوە كە چەندین ئاینی جیاواز و نەتەوە پێكەوە ژیانێكی برایانە بەسەر دەبەن، لەڕووی كەلتوریەوەش بەناوبانگە هەروەها چەندین شوێنی گەشتیاری سەرەنج ڕاكێش لە سنووری سۆران هەن، كە ساڵانە لە هەرچوار وەرزدا گەشتیارانی ناو خۆی و شارەكانی عێڕاق بگرە وڵاتە درواسێكانیش رووی تێدەكەن، لە ڕووی شوێنەواریش بەناو بانگە كە سەدان ناوچەی شوێنەواری لە دەڤەرەكە تۆمار كراون و بەشێك لەوانە لەلایەن شوێنەوارناسە جیهانی و ناوخۆییەكان كاری كنین و پشكنینیان تێدا ئەنجامدراوەو لە ئێستاشدا بەردەوامی هەیە.
ئەگەر بەتایبەتیش باس لە سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران بكەین، ناوچەیەكی شاخاوییەو كەوتۆتە نێوان شاخە سەختەكانی (هندرێن، كۆڕەك، زۆزسك، برادۆست) لەگەڵ بوونی چەند سەرچاوەیەكی رووبارو چەندان كانیاو ئاوی سازگار، بەمەش ساڵانە بەربوومێكی زۆری كشتووكاڵی لە ناوچەكە بەرهەم دەهێنرێت و هاوردەی شارەكانی كوردستان دەكرێت، لەگەل ئەوەشدا لەرووی ئاژەڵدارییەوە دەوڵەمەندە تایبەت دانیشتووانی دەورووبەرو گوندەكان سەرقاڵی بەخێوكردنی ئاژەڵدارین”.
وەك بەرپرسانی ناوچەكەش باسیان لێوەكرد ” دانیشتووانی سنووری قەزای سۆران لە شۆڕشە كوردییەكان ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە خەبات و بەرخودا و شەهید و قوربانیان داوەو دووچاری ئاوەرەیی و دەربەدەری بوونەتەوە، ئەگەرچی لە سەرەتاوە لە سەنتەری قەزای سۆران تەنها دووسێ گەڕەك بوونیان هەبووە، بەڵام دووای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و ئازاد كردنی شارو شارۆچكەو گوند و ناوچەكان لەدەست ڕژێمی بەعس، دەیان هەزار خێزانی ئاوارەو پەنابەر لە وڵاتی ئێران گەڕاوەنەتەوەو زۆربەشیان لە سەنتەری قەزای سۆران نیشتەجێبوونە، بەمەش بە شێوەیەكی خێرا شارەكە فراوانبوونی بە خۆیەوە بینیووە لە ڕووی دانیشتووان و درووستبوونی دەیان گەڕەك لە شارەكەدا، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی ڕەخساندنی هەلی كار ژمارەیەكی زۆری دانیشتووانی گوندەكان ڕوویان لە سۆران كردووە تیادا نیشتەجێبوونە”.
ئەمەش وایكردووە بەهۆی فراوانبوون و ستراتیجیەتی ناوچەكە لە 25/9/20221 بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران درا، ئەمەش دەسكەوتێكی دیكەی گرنگ بوو، بۆ زیاتر كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و فراوانكردنی دەستەڵاتەكان، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی بەدواداچوون و ئەنجامدانی دیدارەكانمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی دەڤەرەكە، دوای بە ئیدارەبوونی سۆران، ناوچەكە بوژانەوەی زۆری بەخۆیەوە بینیووە لەڕووی ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و تەنها ئەمساڵ بە دەیان ملیار دینار بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە گشت سێكتەرە جیاوەزەكان خەرجكراوەو چەندان پڕۆژەی دیكەش لە پلان و بەرنامەی جێبەجێكردنن.
وردەكاری زیاتر لەسەر شاری سۆران بە ژمارەو داتاو چەند زانیارێكی دیكە لە ڕاپۆرتێكی لێكۆڵینەوەی زانكۆمان تۆمار كراوەو بەردەوامیش كاری لەسەر دەكەین.