نووسینی مەیسون ڕەسوڵ – قوتابی بەشی کوردی- قۆناغی سێیەم لە زانکۆی سۆران
هەورەکان، کتێبی سێیەمی لۆگۆس، هەورەکانی ئەرستۆڤانیس، وەرگێڕانی لە یۆنانییەوە بۆ کوردی: بەختیار فەرەج، سەرپەرشتیار: هەرێم عوسمان و شاهۆ عوسمان، چاپی یەکەم، ٢٠٢٠.
سەرەتا دەبێ ئەوە بزانین، کە ئەو دەقەی لەبەردەستمانە (نێفێلێس- هەورەکان) هەمان ئەو دەقە نییە کە لەساڵی (٢٢٤)ی پ.ز، لەسەر تەختی شانۆ نمایش کراوە، بەڵکو دوای ئەوەی ئەرستۆڤانیس خەڵاتی سێیەم (کۆتای)ی وەردەگرێت، هەڵدەستێ بە دەستکاریکردنی دەقەکە بە مەبەستی باشترکردنی و ئەو دەقەی لێ دەرچووە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری (٤٢١-٤١٨)ی پ.ز، هەروەها بەقسەی شارەزایان ئەم دەقە ڕەنگە بۆ ئەوە نەنووسرابێت کە بە شانۆ نمایش بکرێت، بەڵکو تەنها بۆ خوێندنەوەبێت، بەڵام سەرباری ئەوەش ساڵانە یان چەند ساڵ جارێک لە یۆنان و زۆربەی وڵاتانی جیهان، هەر هەمان ئەو دەقە لەسەر تەختی شانۆپەردەی لەسەر لادەبرێت.
ئەمەش هێزە دیاکڕۆنییەکەی بەرهەمەکە پیشاندەدات، کە بەرهەمەکەی هەمیشە بە نەمری هێشتۆتەوە، یەکێکیش لەو توخمانەی کە بەرهەمەکەیان کردووە بە بەرهەمێکی دیاکرۆنیکی و وای لێدەکات هیچ کاتێک پیرنەبێت، ئەوەیە کە باس لە گۆڕانکارییەکان دەکات، باس لە جەنگی نەوەی کۆن بەرامبەر بەرەی نوێخوازەکان دەکات.
هەورەکان بە شێوەیەکی سەرەکی یارییەکن کە پەیوەندی بە پەروەردە و فێرکردنەوە هەیە، ئەرستۆڤانیس هەوڵدەدات لەڕێگەی تێکەڵکردنی(کۆمێدیا و تراژیدیا) پەردە لەسەر بارودۆخی ئەو سەردمە لابدات، گاڵتە بە سۆفستاییەکان دەکات و بە خراپیان نیشان دەدات، بە واتایەکی دیکە؛ ئەرستۆڤانیس وەکوو شاعیرێک بابەتی سۆفستاییەکان دەخاتە سەر تەختی شانۆ و خەڵکی لێ ئاگادار دەکاتەوە، بەڵام ئەریستۆڤانیس سۆکرات دەکات بە نموونە،واتا هەڵەتێگەشتنێک لای ئەرستۆڤانیسەوە هەیە، دەکرێ بە مەبەستیش ئەوە ڕوویدابێت، چونکە ئەگەر سەیری دەقەکانی ئەفلاتوون بکەین، بۆمان ڕووندەبێتەوە کەوا سۆکراتیش هەروەکوو ئەرستۆڤانیس، هەمان بابەتی سۆفستاییەکان دەخاتە ژێر توێژینەوەی فەلسەفیانەوە و خەڵکی لێ ئاگادار دەکاتەوە، هەم ئەگەر سەیری سەرچاوە مێژووییەکان بکەین دەبینین سۆکرات و ئەفلاتوون لەسەر هەمان مێز دانیشتوون و باسی پرسە گرنگەکانی ڕۆژگار و کۆمەڵگا دەکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا شانۆگەرییەکە بە پەیامێکی ئەخلاقی بەهێز و کەوانێکی تراژیدی کە بە دووبارە هەڵدانەوەی خوداوەندەکان کۆتایی دێت.