حکوومەتی عێراقی رێگە نادات هیچ بڕە بەنزینێك لە شارەکانی عێراق بێتە ناو هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا پێشتر بەشێک لە بەنزینی بازرگانی لەو ناوچانەوە دەهێنرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی سەرچاوەیەك بۆ ماڵپەڕی 24 ئاشكرای كردووە “ئەو ماددانەی بۆ بەرهەمهێنانی بەنزینی (موحەسەن و سوپەر) بەکار دەهاتن لە ئێرانەوە دەهات، بەڵام بەهۆی بۆردوومانی ئەو کارگانەی لەلایەن ئەمریکاوە بەرهەمیان دەهێنا، ئێستا رێژەیەکی زۆر کەم دێت و نرخەکەشی بە شێوەیەکی بەرچاو گران بووە”.
سەرچاوەکەی سامانە سروشتییەکان لەبارەی دابینکردنی سووتەمەنی ناوخۆییەوە روونی کردۆتەوە ” هەرێمی کوردستان 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاو دەداتە پاڵاوگەکان و ئەوانیش بەرهەمەکەی بە رێژەی 30% بۆ پێداویستیی ناوخۆ دابین دەکەن کە نرخی هەر لیترێکی بە 750 دینارە”.
ئەم سەرچاوەیە نەیشاردەوە ” هەندێک لە بازرگانان بارودۆخەکەیان قۆستووەتەوە، بەڵام تیمەکانی حکوومەت بەردەوام چاودێریان دەکەن و رێگە بەو قۆستنەوە نادەن”.
وەزیری نەوتی عێراق چەند پیش ئێستا لێدوانێكیدا كە ئامادەن نەوت و سووتەمەنی پێویست بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكەن، سەرچاوەکە ئەم بابەتی رەتی کردەوە، و گووتی ” وەزیرەکە نەیگووتووە ئەگەر هەرێم ئەو 50 هەزار بەرمیلە بدات، ئەوان سووتەمەنی دابین دەکەن، ئەو بابەتە دوورە لە راستییەوە؛ تەنانەت حکوومەتی عێراق بەنزین لە بودجەی سیادییشدا دەکڕێت و پشکی هەرێمیشی تێدایە، کەچی رەوانەی ناکات”.
” داوامان لە حکوومەتی عێراق کردووە پشکی نەوتی خاوی هەرێم لە 50 هەزار بەرمیلەوە زیاد بکات، چونکە بەپێی شایستەکان و پشکی 12.6%، دەبێت نزیکەی 120 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بدرێتە هەرێم، ئەگەر ئەم رێژەیە زیاد بکرێت، دەتوانرێت تا 50%ـی پێداویستییەکانی بەنزین دابین بکرێت و کێشەکە تا رادەیەکی زۆر کۆنتڕۆڵ بكرێت”. (سەرچاوەكە وای بە مالپەڕی 24 گووتووە.)


































































