ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، ڕێنمایی سەبارەت بە شێوازی دروستی لێدانی هۆڕِنی ئۆتۆمبێل بڵاوکردووەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە هۆڕن تەنها بۆ ئاگادارکردنەوە لە مەترسییەکانی ڕێگا بەکاربهێنرێت.
بەپێی ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێم، بەکارهێنانی دروستی هۆڕن دەتوانێت ڕێگری لە ڕووداوی هاتوچۆ و کارەسات بکات، بەڵام بەکارهێنانی نابەجێی دەنگی هۆڕن دەتوانێت ببێتە هۆی بێزارکردنی هاووڵاتیان و دروستکردنی پەشێوی.
لە ڕێنماییەکاندا هاتووە کە شۆفێر تەنها کاتێک هۆڕن لێدەدات کە پێویست بێت سەرنجی شۆفێرێکی دیکە یان پیادەیەک بۆ مەترسییەک ڕابکێشێت. هەروەها پێشنیار کراوە هۆڕن بە دەنگێکی کورت لێ بدرێت و بەردەوام فشاری لەسەر نەدرێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ هۆشداری ئەوەشی داوە لە لێدانی هۆڕن لە شوێنە هەستیارەکان، وەک دەوروبەری نەخۆشخانە، قوتابخانە و ناوچە نیشتەجێبووەکان، بە تایبەتی لە کاتەکانی شەودا؛ مەگەر ئەوەی مەترسییەکی کتوپڕ هەبێت.
لە هەمان کاتدا، جەخت کراوەتەوە کە هۆڕن نابێت بۆ دەربڕینی تووڕەیی یان ناڕەزایی لێبدرێت، بەتایبەتی لە کاتێکدا شۆفێرێک لەبەر هەر هۆکارێک لە چرای سەوز دوا دەکەوێت.
سەبارەت بە جۆری هۆڕنیش، هاتوچۆی هەرێم ئاماژەی بە گرنگیی پاراستنی هۆڕنی ستانداردی ئۆتۆمبێل کردووە و ڕێنمایی کراوە هۆڕنی زۆر بەرز و گەورە، وەک ئەوەی لە شەمەندەفەر یان بارهەڵگرە گەورەکان بەکاردێت، لەسەر ئۆتۆمبێلە بچووکەکان گونجاو نەبێت، چونکە جگە لە بێزارکردنی خەڵک، دەتوانێت لەگەڵ یاساکانی هاتووچۆشدا نەگونجێت.
داوا لە شۆفێران دەکرێت هۆڕن بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە و تەنها بۆ پاراستنی گیان و ڕێگری لە مەترسییەکانی هاتووچۆ لێبدرێت.


































































