ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
ئالان جەمال، گۆرانیبێژی کورد، نوێترین بەرهەمی هونەری خۆی بە ناوی «پیری» بە شێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە؛ بەرهەمێک کە باس لە بەهای کات، خێزان، خۆشەویستی و بیرەوەرییەکانی مرۆڤ دەکات.
ئالان جەمال ڕایدەگەیەنێت، کە خۆی تێکست و ئاوازی گۆرانییەکەی داناوە و ڕێکخستنی میوزیکەکە لەلایەن پێشەوا عومەرەوە ئەنجام دراوە، هەروەها ئیبراهیم وەسفی دەرهێنانی ڤیدیۆکلیپەکەی کردووە.
ئەو هونەرمەندە دەڵێت، “لە دروستکردنی ئەم بەرهەمەدا هەوڵیان داوە بابەتێکی مرۆیی بە شێوازێکی هەستیار و ئارام بگەیەنن بە گوێگر، بە جۆرێک کە دەق و ئاوازەکە بتوانێت قۆناغێکی تایبەتی لە ژیانی مرۆڤ پیشان بدات.”
بەپێی وتەکانی ئالان جەمال، لەو قۆناغەی ژیاندا مرۆڤ زیاتر لە هەر کاتێک درک بە گرنگیی کات، خێزان، خۆشەویستی و ئەو بیرەوەرییەی لەگەڵ خۆیدا هەڵیگرتووە، دەکات. ئەم گۆرانییەش بەشێک ڕەنگدانەوەی ئەو قۆناغەی ژیانە”.
ئالان جەمال جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ناوەڕۆکی گۆرانیی «پیری» تەنها باسکردنی تەمەنی پیری نییە، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ ئەوەی مرۆڤ پێش ئەوەی کات تێپەڕێت، نرخی کەسانی دەوروبەری بزانێت و لە ساتەکانی ژیان چێژ وەربگرێت.
ئەو گۆرانیبێژە هیوا دەخوازێت گوێگرانی بەرهەمەکە هەر یەکەیان بتوانن بەشێک لە بیرەوەری و هەستی تایبەتی خۆیان لە دەق و ئاوازی «پیری»دا بدۆزنەوە.
ئالان جەمال خەڵکی شاری هەولێرە و ئێستا لە ئەوروپا دەژی. ئەو تا ئێستا چەندین بەرهەمی گۆرانی پێشکەش کردووە و هەوادارانی تایبەتی خۆی هەیە.


































































