ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا بەردەوامە و لە دوایین هەنگاوەکانیش، ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست دەکرێت.
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، کە قۆناغی پشکنین و وردبینیی ناوی فەرمانبەران بۆ پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لەلایەن وەزارەتەوە تەواو بووە و ئێستا چاوەڕوانی ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت بۆ سوودمەندبوونی فەرمانبەرانی گرێبەستیش بۆ وەرگرتنی زەوی”
بەپێی وتەکانی ناوبراو، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی پێویست، ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست دەست پێدەکەن. سەربەست مەولوود ڕوونی کردەوە، “فۆڕمی داواکاریی زەوی بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست بە هەمان شێوازی فەرمانبەرانی هەمیشەیی پڕ دەکرێتەوە و مەرجەکانی وەرگرتنی زەویش بۆ هەردوو گرووپەکە هاوشێوە دەبێت.”
بەگوێرەی ئەو مەرجانە، فەرمانبەرانی گرێبەست دەبێت لانیکەم هەشت ساڵ خزمەتییان هەبێت و پێشتر لە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی سوودمەند نەبووبن. سەبارەت بە فەرمانبەرانی خاوەن حەوت ساڵ خزمەتیش، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی وەزارەتی شارەوانی دەڵێت، “هێشتا هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی خاوەن حەوت ساڵ خزمەت نەدراوە، بەڵام گفتوگۆکان لەسەر ئەم بابەتە بەردەوامن.”
لە هەمان کاتدا، ئەگەر هەیە کە ئەو فەرمانبەرانەی کە تەنها چەند مانگ یان چەند ڕۆژیان ماوە بۆ تەواوکردنی هەشت ساڵ خزمەت، بتوانن لە پرۆسەی وەرگرتنی زەوی سوودمەند بن. بەپێی دوایین ئامارەکان، تا ئێستا نزیکەی ١٣٠ هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆری هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی سوودمەند بوونە و کارەکانی دابەشکردن لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێم خێرا کراون. هەروەها بڕیار وایە لەم هەفتەیەدا قۆناغی هەشتەمی دابەشکردنی زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر دەست پێ بکات.”


































































