ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات ئەمساڵ وەرزی پاییز لە ناوچەکەدا زووتر لە ساڵی ڕابردوو دەست پێ بکات، هاووکات بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ڕێژەی بارانبارینیش بەرزتر بێت.
لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، “بە پێی نیشانە سەرەتاییەکانی کەشوهەوا، ئەمساڵ بارانبارین زووتر دەست پێ دەکات. پاییزی ساڵی ڕابردوو بە وشکی دەستی پێکرد و دواتر بارانبارین دەستی پێکرد، بەڵام ئەمساڵ چاوەڕوان دەکرێت باران لە سەرەتای وەرزەکەوە ببارێت.”
بەپێی وتەکانی ئەو کەشناسە، چالاکبوونی سیستەمە باراناوییەکانی دەریای سوور لە باشووری ناوچەکە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەوەی بارانبارین لەمساڵدا زووتر دەست پێ بکات. لە لایەکی دیکەوە، ئەم شارەزایە ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکانی دۆخی زەریای هێمن کرد و گوتی، “نیشانەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم زەریایە بەرەو دۆخی «ئێل نینۆ» دەچێت و پێشبینی دەکرێت ئەم دیاردەیە لە کۆتایی پاییز یان سەرەتای زستان بگاتە لووتکەی خۆی.”
«ئێل نینۆ» دیاردەیەکی کەشوهەواییە کە پەیوەستە بە گەرمبوونەوەی ئاوەکانی بەشێک لە زەریای هێمن، بە تایبەتی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئەو زەریایە، کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر کەشوهەوای ناوچە جیاوازەکانی جیهان دابنێت.
موفتی ئاماژەی بە داتاکانی ساڵانی ڕابردوو کرد و گوتی، “لەو ساڵانەی کە «ئێل نینۆ» چالاک بووە، لە ناوچەکەدا بارانبارین لە ئاستێکی باشدا بووە.” بەپێی پێشبینییەکانی ئەو، لەگەڵ کاریگەریی «ئێل نینۆ»، دۆخی زەریای هیندی و زەریای ئەتڵەسیش دەتوانێت بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر زیادبوونی بارانبارین هەبێت. لە کۆی ئەم نیشانانەدا، ئەمساڵ چاوەڕوان دەکرێت وەرزی بارانبارین زووتر دەست پێ بکات و لە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، بارانێکی زۆرتر لە ناوچەکە ببارێت.


































































