رێبوار حەمەلاو شوانی
کەرکووک ئەو شارە کوردستانییە لەمێژییەیەی گەلی کوردە ، کە لە پێناو پارێزگاریکردن لە ناسنامە و ڕەسەنایەتی وڕێگریکردن لە گۆڕین و تواندنەوەی داگیرکەرانی کوردستان ، دەریاییەک خوێنی بۆ بەخشراوە ، بۆیە قسەیەکی پڕپووچ و بوون و نەبوونی ماددەیەک تۆزقاڵێک کاریگەری لەسەر خەونی سڕینەوەی کوردستانیبوونی نەکردووە و ناکات
ئەو جۆرە بیرکردنەوە و لێدوانەی نالۆژیک و فاشیزمانەیەی محەمەد سەمعان، پارێزگاری کاتی کەرکووک ، نەک هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ بیرکردنەوە دوژمنکارانەکانی بەعسیەکان و داگیرکەرانی پێشووتر نییە ، بەڵکو بە تێروانیی گورگە بۆرەکانی تورکی فاشیزمی ، دەستبەرزکردنەوەی وەک ڕەمزی ئەو گروپە نەژادپەرەستە دژ بە کوردوکوردستان وکەرکووکە
پارێزگاری کەرکووک بە لۆژیک و بۆچوونە فاشیزیمانەکەی کە گوایە شتێک بەناوی ماددەی 140ی دەستوور بوونی نەماوە ئەوە وایە ، راستەوخۆ سووکایەتی و نکۆڵی لە ئیرادەی ملیۆنان خەڵک بکات و بسڕێتەوە ، پێدەچێت سەمعان ئاغا لە بیری چوو بێتەوە کە بەڕێککەوتنی ژێر بە ژێری و گوماناوی لە ئوتێڵی ڕەشید و بە فەرمانی ئاغاکانی بووە بە پارێزگار، ڕەنگە تا ئێستاش خۆی پێی سەیر و لە شۆکدا بێت کە چۆن بەو خێراییە بووە پارێزگاری کەرکووک
دیارە سەمعان هیچ دەستووری نەخوێندۆتەوە ، یانیش پێشێڵکردنی دەستوور بووەتە کارێکی ئاسایی رۆژانە ، جوڵە و کردەوەکانی زۆرتر وەک هاووڵاتییەکی تورک و لە ژێر فەرمانی ئاغا دراوسێیەکانێتی نەک کەرکووک و وەک عێراقییەک ، ئینجا بانگەوازی بۆ نەمانی ماددەی 140 گومانەکان لەسەری زیاتر دەکات ؛ باشترە بچێت بڕیاری71 و 103ی دادگای باڵای فیدڕاڵی لە ساڵی 2019 ، وەڵامی هەموو سەمعانییەکانی داوەتەوە،بەوەی کە ، ماددەی 140ی دەستوورە کارایە و کاری پێدەکرێت تا هەموو قۆناغەکانی ئاساییکردنەوە،سەرژمێری، راپرسی جێبەجێ دەکرێن
دەستوور بە قسەی فاشیزمی نامرێت ، بڕیاری دادگاش بە خەون وحەزبی سیاسی هەڵناوەشێتەوە ؛ پێدەچێت جگە لە کەشوهەوای تورکیا و خەونی فاشیزم و دژە کوردەکان ، ئاگاتان لە دەستوور و ماددەکانی نەبێت ، ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی ماددە دەستوورییەکان ئەوەندە ئاسان بووایە ، بە قسە و بانگەشەی هەندێک لایەن بووایە ، لەمێژ بوو شتێک بەناوی عێراقی فیدڕاڵی و دەستووری و پێکەوەژیان بوونی دەما
بۆیە ،ئەرکی هەموو ماددە دەستوورییەکان ، بۆ ڕێکخستنی کاروباری وڵات و سیستەمی حکومڕانییە ، مافی هاووڵاتیان و ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان دەوڵەتی فیدڕاڵییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک تاکە هەرێم و ئینجا پارێزگان ؛ ئەوەی جێگەی هەڵوەستەکردنە ناو بەناو دەبیسین هەندێک کەس و لایەنی شۆڤێنی یانیش ناشارەزا سەبارەت بە دەستوور و بەتایبەتی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق ، دهۆڵی ئەوە دەکوتن کە گوایە ئیتر ئەو ماددەیە کاری پێناکرێت و هەڵوەشاوەتەوە و کاتی بەسەر چووە ، بۆیە ، ئەم جۆرە لێدوانانە نەک هەر نایاسایی و نادەستورین بەڵکو سەڕچاوەکەی لە ڕق وکینەی شۆڤێنییەکانەوەیە کە خزمەت بە پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایین وئایینزاکانی شارەکە ناکات
دەبێ هەموو فاشیزم و دژە کوردوکەرکووکییەکان ئەو راستییە بزانن ، ماددەی 140 دەستووری هەمیشەیی عێراق یەکێکە لەو ماددانەی کە هەروا ئاسانییە تا بگۆڕێت و بسڕیتەوە و نەمێنێت و بە قسە و بانگەشەیەک کۆتایی بە ئەرکەکانی بێت ، دەبێ زۆرینەی خەڵکی عێراق بە کوردستانیشەوە ڕیفراندۆمی لەسەر بکرێت ئینجا هەمووار بکرێتەوە ، ئەوەش ئەستەمە و ناکرێت ، تەنها لە ئەگەری کودەتایەکی سەربازی ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی بڕگە دەستوورییەکان دەکرێت ؛ دەبێت ئەو راستییەش بزانرێت، جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور ، نەک تەنها لە بەرژوەندی گەلی کوردە بەڵکو لە بەرژوەندی هەموو عێراقییەکان و کلیلی چارەسەری ناکۆکییە بنەڕەتییەکانی نێوان بەغدا و هەولێرە ، لە هەمانکاتیشدا چارەسەری زۆرێک لە ناکۆکییەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکات
بۆیە ، بانگەشەی هەڵوەشاندەوەی ماددەی 140 دەستوور زۆر لە سەمعان ئاغا گەورەترە تا بیهەوێت بە قسە و گووتەیەکی سیاسی فاشیزمی بانگەوازی بۆ بکات ، هەروەها دەبێت ئەو راستییەش بزانرێت ، دەستوور بەیاننامەیەکی سادە نییە تا بە ووتەیەکی میدیایی ئاراستەکراو و قورمیشکراو بە سەر سەمعاندا پاشگوێ بخرێتەوە هەڵبوەشێتەوە ، ئەو ماددەشە لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا بە زیندوێتی ماوەتەوە و هیچ بڕیارێکیش بۆ نەهێشتن و هەڵوەشاندنەوەی لە ئارادانییە ، ئەوەی بانگەشەی هەڵوەشانەوەی بۆ دەکات ؛ تەنها لەبیری فاشیزمی دژە کوردو کەرکووکییەکانەوە سەرچاوەی گڕتووە نەک دەستور و مادەی 140 بە حەز و خەونی گورگە بۆرە فاشیزمەکان هەڵناوەشێتەوە و ئەوەی لە هەڵسووکەوت و ووتەکانی سەمعان ئاغا دەبیسرێت و دەبینرێت ، وەک پارێزگاری کەرکووک نییە، بەڵکو پارێزگارێکی تورک وپەیرەوکاری دراوسێ!
Compose


































































