مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوێنێ هەینی 7ـى ئابی 2026، ڕێككەوتننامەی هاوبەشی بەرگریی مەككە كە چاودێرانی سیاسیی بە هیلالی سوننە ناوی دەبن، لە نێوان (سعوودیە – توركیا – پاكستان) لە كۆشكی سەفا لە مەككە واژۆ كرا و لە ڕێككەوتنەكە هاتووە “هەر هێرشێكی چەكداریی دژی هەر یەكێك لەو سێ دەوڵەتە ئەنجام بدرێت، وەك هێرش بۆ سەر هەموویان ئەژمار دەكرێت .”
ڕێككەوتننامەی مەككە لەلایەن هەر یەك لە محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە و شەهباز شەریف، سەرۆكوەزیرانی پاكستان، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا-ەوە واژۆ كرا.
لە ڕێككەوتننامەكە هاتووە “هیچ وڵاتێك ناكاتە ئامانج و خاوەنی تایبەتمەندی هاریكاریی بەرگرییە كە ئامانجی بەهێزكردنی پابەندبوونەكانە بەرەو پاراستنی ئاشتیی، سەقامگیریی و خۆشگوزەرانیی هەرێمیی و جیهانی لەسەر بنەمای دابەشكردنی ئەركەكان و تێگەیشتنی ئاسایشی هاوبەش.”
ئامانج هەر وەكوو لە لە ڕێككەوتننامەكە باسی لێ كراوە “بەهێزكردنی پشتیوانی بەكۆمەڵە بەرامبەر هەر جۆرە شەڕانگێزی و دەستدرێژییەك و، پێشبینیی ئەوە دەكات هەر هێرشێكی چەكداری بۆ سەر هەر یەكێك لەو سێ دەوڵەتە، وەك هێرش بۆ سەر هەموویان هەژمار دەكرێت.”
ئەوەش هاتووە “ڕێككەوتننامەی مەككە لە ژێر ڕۆشنایی بنەمای خاوەندارێتی هەرێمییدا بەڕێوەبراون بۆ بنیاتنانی زەمینەی بەرەنگاربوونەوەی هاوبەش بەرامبەر هەڕەشە ئەمنییە پەرەسەندووە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەكان.”
جەخت لەوەش كراوەتەوە “لە پابەندبوونی سێ وڵاتەكە بە پشتیوانی كردنی ئاسایشی یەكتری، خاوەنی تایبەتمەندی ڕێكخستنێكی بەرگرییە كە ئامانجی پەرەپێدانی هاریكاریی پیشەسازی بەرگریی و توانای كاركردنی هاوبەشی سەربازییە.”
دەشڵێت “ڕێككەوتننامەكە بە واتای دابڕان لە هیچ هاوپەیمانی یان ڕێككەوتنێك نایەت، تەواو كاری ئەو پەیوەندییە هاوپەیمانییانەیە كە ئێستا هەن، ئاسایشی ناوچەكە بەهێز دەكات و زەمینەیەكی هاریكاریی ئاوەڵا بۆ بەشداری وڵاتانی دیكەی ناوچەكە دروست دەكات.”
لە درێژەی ڕێككەوتننامەكە باس لەوەش كراوە كە ڕێككەوتننامەی مەككە هێڵی برایەتی كە لە ئانادۆڵەوە تا حیجاز، لە ئیسلام ئابادەوە تا ڕیاز درێژ دەبێتەوە، نوێنەرایەتی بەها هاوبەشەكان و ئیرادەی ئەو گەلانە دەكات كە لە كاتە سەختەكاندا پشتیوانی یەكتر دەكەن.


































































