ئافرەتان بەتێڕوانینی جیاواز هۆكارەكە لە زاری كرمانجی باس دەكەن
محەمەد ئامۆكەیی – زاری كرمانجی:
ماوەی چەند ساڵێكە لە هەرێمی كوردستان تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوونیان هەیە و پیاو و ئافرەتێكی زۆریش بەكارهێنەریەتی، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانی خۆیانە، ناتوانن هاوشێوەی پیاوان سوود لەو تۆڕە كۆمەلایەتییە ببینن و بە ئارەزووی خۆیان وێنە و یادگارییەكانیان تێدا تۆمار بكەن .
زاری كرمانجی لە راپۆرتێكدا بۆچوونی ئەو ئافرەتانەی كە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بەكار دێنن وەردەگرێت و دەپرسین بۆچی تا ئێستا بەشێك لە بەكارهێنەران ناتوانن بە ئازادی و هاوشێوەی كوڕان تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بەكاربهێنن و ناتوانن وێنەی خۆیان بخەنە سەر پڕۆفایلەكانیان، هەریەكەو بەجۆرێك دیدی خۆیان دەخەنەڕوو، بەشێك پێیان وایە لاوازی ئاستی هۆشیاری هەندێ لەبەكارهێنەران هۆكارە و بوونەتە مایەی بێزاری، بەشێكی تریش جۆرێك لە بیركردنەوەی دیكەیان هەیە.
سۆزان سیڤان، ناوێكە و دەڵێ” ماوەی چوار ساڵە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بەكاردێنم بۆ ئەوەی هەواڵ و زانیارییەكان بزانم و ببینم، بەڵام هێشتا تێگەیشتنی بەشێك لە بەكارهێنەران بە تایبەت رەگەزی بەرامبەر نەگەشتووەتە ئەو ئاستەی بە ئازادی وێنەی خۆم دانێم، لەبەر ئەوەی كەسی نزیكم وێنەیەكی ئاسایی داناو دواتر لە تۆڕەكان بڵاوكرایەوە و هەرچی شتی ناشرینە لەسەریان دەنووسی بۆیە ئەم ترسە وایكردووە زۆرێك لە ئێمەی مێینە نەتوانین وێنەی خۆمان دابنێین”.
سۆزان گوتیشی” پێویستە بەكارهێنەران بیری خۆیان فراون بكەن، چونكە هێشتا ئاستی هۆشیاریان لاوازە هەر وێنەیەكی ئافرەت دەبینن دەكەونە نامە ناردن و بێزاركردنی، من وێنەی كوڕەكەم دانەوە دەیان نامەم بۆ هاتووە كە لایمن هاوڕێش نەبوون، ئەگەر هاوسەرەكەم تێگەیشتوو نەبێت بێگومان گرفتم بۆ دروست دەبێت”.
بێریوان ئیسماعیل، یەكێكی ترە لە بەكارهێنەرانی ئەم تۆڕانە گووتی” زۆر حەزدەكەم وێنەی خۆم لەسەر پڕۆفایلی ئینستاكەم دانێم، بەڵام ئەو كارەساتانە دەبینم كە روو دەدەن ترسی لەدڵم دروست كردووە لەبەر ئەوەی زۆرجار وێنەیەك خێزانێكی تێكداوە و خێزان هەڵوەشاوەتەوە، ئەمەش جگە لەسەر گەردان كردنی ژنەكەو منداڵیش بووەتە قوربانی، گرنگە هەموو كەسێك كە ئەم تۆڕانە بەكار دێنێت بەجوانی مامەڵە بكات.
سروە عەبدوڵڵا، باس لەوەدەكات رۆژانە نامەم لە لایەن پیاوانەوە بۆ دێت و ئەمەش وایكردووە تەواو بێزاربم، كەسی واهەیە نایناسم هەڕەشە دەكات لە كاتێكدا من نە دەیناسم و نە رۆژێك قسەم هەبووە لەگەڵی، زۆرجاریش ئەو هەڕەشە كردنە وادەكات ترس دامبگرێت لەبەر ئەوەی كۆمەڵگەی كوردی باوڕ بەهیچ ناكات تا ئێوارە راستی بڵێی ئەڵێن وانیە و شتێك هەیە”.
ئەو ئافرەتە پێشی وایە:” ئەم خێرا گەشتنەی تەكنەلۆژیا بۆ كوردستان و فلتەر نەخستنە سەر هەندێ بابەت ژیانی سەدان خێزانی لەم هەرێمە تێكداوە، وەك باسی لێوە دەكات سەرەڕای هەبوونی سزای خراپ بەكارهێنانی مۆبایل، هێشتاش هەندێ لە بەكارهێنەرانی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بەردەوامن لە هەڕەشەكانیان ، من لەگەڵ ئەوەم وێنە هەبێت لەسەر پڕۆفایل بەڵام زۆربەی جار وێنە كێشەی بەدوادێت.
ئیمان رزگار، پیشەی مامۆستایە و لەسەر هەمان پرس گووتی” ئەم تۆڕەكۆمەڵاییەتیانە وەك مۆتەكەیەك وان ئەگەر بەباشی بەكارنێت، منێكی ئافرەت چەند ساڵێكە فەیسبوك و ئینستیگرام بەكاردێنم و وێنەی تایبەتی خۆشم تێدا بڵاو دەكەم، بەڵام كەسێك نەیاناسم هاوڕێیەتی وەرناگرم ئەگەر سەدان نامەش بنرێت، بۆیە دەبێت ئێمەی ژن ئەو بەربەستە بشكێنین.
ئامینە ئەیوب، دەڵێت” هیچ كات بەگرنگی نابینم وێنەی خۆم لەو تۆڕانە بڵاو بكەمەوە لەبەر ئەوەی شتێكی ئەوندە گرنگ نیە تا خۆمی تێدا نمایش بكەم، یاخود بچم لەگەڵ كەسێك قسە بكەم كە نەیناسم و كێ ناڵێت بۆ مەرامێكی تایبەت هاوڕێیەتیم دەكات، گرنگە ئافرەت هۆشیار تربێت لەبەر ئەوەی پیاو هەمووكات لە كەمینە بۆ راوكردنی مێینە.
پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە 6ـی ساڵی 2008ـی دەركردووە كە تێدیدا تاوانەكانی پەیوەست بە خراپ بەكارهێنانی مۆبایل و ئینتەرنێت لە هەرێمی كوردستان و سزاكەیان لەپێناو كۆمەڵگەیەكی مەدەنی و سزادانی ئەو كەسانەی بە خراپی مۆبایل و ئینتەرنێت بەكاردەهێنن، لە پێناو پاراستنی ئازادییە كەسییەكان و پاراستنی نهێنییە كەسییەكان و خراپە نەگەیاندن بە رەوشت و سیستمی گشتی و ئادابی گشتی، لە ماددەی یەكەمدا یاساكە دەقی كردووە لەسەر ئەوەی” قسەكردنی تەلەفۆنی و پەیوەندییەكانی پۆستەیی و ئەلیكترۆنی لە كاروبارە تایبەتییەكانن و نابێت رێز و حوڕمەتیان بشكێندرێت”.