نوسینی : کرێکار قادر ڕوستایی
نووسەر و شارەزا لەبواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری
پڕۆسەی کەڵەشاخ کردارێکی پزیشکی پێشوەختەیە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پێست و سووڕی خوێنەوە هەیە. ئەنجامدانی(ڕووشاند ) بڕین بە شێوازێکی هەڕەمەکی و دوور لە بنەما زانستییەکان چەندین زیانی تەندروستی گەورەی لێدەکەوێتەوە لەوانە :
١_ زیانگەیاندن بە شانەکان و دروستبوونی برینی نەخوازراو (Scar Tissue)، بەکارهێنان و لێدانی (موس) تیغ بە قوڵی یان بە شێوازێکی هەڕەمەکی دەبێتە هۆی پچڕانی خانەکانی پێست و دروستبوونی ئازارێکی درێژخایەن و برینی ناشرین لە شوێنی ئەنجامدانی کەڵەشاخدا.
٢_ مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە گوازراوەکان، ئەگەر کەرەستەکان پاکژ و خاوێن نەبن یان بڕینەکان بە شێوازێکی ناتەندروست ئەنجام بدرێن، ئەوا دەرگایەکە بۆ گواستنەوەی میکرۆب، بەکتریا و ڤایرۆسە مەترسیدارەکان وەک (هەوکردنی ڤایرۆسی جۆری B و C)، دەکرێتەوە
٣_ هەوکردنی پێست و شانەکان (Cellulitis)، برینی ناڕێک و زۆر قووڵ دەبێتە هۆی خوێنچۆڕینی نەخوازراو و قورسایی لە خاوێنکردنەوەیدا، کە ئەمەش شانەی پێست تووشی هەوکردنێکی توند دەکات.
لە ڕووی پزیشکییەوە، قووڵی و چڕی بڕینەکان دەبێت بەپێی پێکهاتەی پێستی کەسەکە و بە بەکارهێنانی ئامرازی پاکژ و یەکجارەکی بێت، نەک بە شێوەیەکی ناتەندروست و هەڕەمەکی کە ببێتە هۆی تێکدانی تەندروستی چارەخواز، بەتایبەت پێست و سیستەمی بەرگری لەش.

































































