شههلا سۆفى- زارى كرمانجى:
ساڵانێکە زۆرێک لە شارەزایان ئامۆژگاری خەڵک دەکەن کە بەرهەمە شیرەمەنییە کەم چەوریەکان یان بێ چەوریەکان بخۆن بەهۆی ئەو چەورییە تێرانەی لە بەرهەمەکانی وەک شیری تەواو و پەنیر و ماستی تەواو چەوریدا هەیە.
توێژهران له زانکۆی تۆرۆنتۆ٧٤ کەسی پێگەیشتوو کە کێشیان زیادە یان قەڵەویان هەڵبژارد و بەسەر سێ گروپدا دابەشیان کرد.گروپی یەکەم خۆراکی کەم شیرەمەنی و کالۆری سنوورداریان هەبوو. گروپی دووەم ڕۆژانە سێ ژەم شیرەمەنییان خوارد، بەڵام ڕێژەی کالۆرییان بەپێی پێویستی وزەی جەستەیان ڕێکدەخرا. هەروەها گروپی سێیەم ڕۆژانە سێ ژەم شیرەمەنییان خواردووە، بەڵام کالۆرییان سنووردار نەبووە.بەشداربووان بۆ ماوەی ١٢ هەفتە چاودێری کران، هەروەها هۆکارەکانی وەک کێشی جەستە، پێکهاتەی جەستە، میتابۆلیزمی وزە و ئاستی چەوری خوێن پێوانە کرا.
ئەنجامەکان دەریانخستووە ئەو کەسانەی کە ڕۆژانە سێ ژەم بەرهەمی شیرەمەنییان خواردووە، کێش یان چەوری جەستەیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد نەبووە بە بەراورد بەو گروپەی کەم شیرەمەنییان هەیە.
هەروەها هیچ گۆڕانکارییەکی نەرێنی لە کۆلیسترۆڵ و چەورییەکانی تری خوێن لەم کەسانەدا نەبووە. تەنانەت توێژەران تێبینیان کردووە کە ئەو گروپانەی شیرەمەنی بەکاردەهێنن، وەرگرتنی ماددە خۆراکییە گرنگەکانی وەک کالیسیۆم و پرۆتین و ڤیتامین دی زیاتر بووە.
ئەم ماددە خۆراکیانە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پاراستنی تەندروستی ئێسک و کارکردنی ماسولکەکان و چالاکیی سیستەمی بەرگری لەش.

































































