شەهلا رەشید- زاری كرمانجی
وەك پزیشكان ئاماژەی بۆ دەكەن، ئۆتیزم بریتیە لە دیاردەیەكی پەشوكان یان تێكچوونی گەشەی مێشك كە كار لە چەند لایەنەكی منداڵ دەكات، هەروەها كار لە كردار، رەفتارەكان، گوفتار، قسەكردن، تێگەیشتن و وەرگرتنی بابەتەكان دەكات.
دكتۆر محەمەد حەسەن، پسپۆری نەخۆشییەكان و گەشەی منداڵان، لە دیمانەیەكی زاری كرمانجی دەڵێت” هەندێك لە زاناكان دەڵێن ئۆتیزم نەخۆشی نییە و دیاردەیە، هەندێكیشیان پێیان وایە كە نەخۆشییە دەكرێ لە داهاتوودا نیشانەكانی و هۆكارەكانی دیاری بكرێن، لە هەمان كاتیشدا چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، ئۆتیزم زیاتر پێش تەمەنی سێ ساڵی دەردەكەوێت و زۆربەی نیشانەكان و شێوازەكانی زیاتر لە خوار تەمەنی سێ ساڵی دەردەكەون، تەنانەت هەندێكجار لە یەك ساڵیشدا دەردەكەون، هەروەها رێژەی تووشبوونی كۆڕان چوار ئەوەندەی كچان زیاترە، كە چالاكیەكان و گەشەی مێشك دەكەونە بەر تێكچوون بەهۆی ئۆتیزمەوە، نیشانەكانیشی لە منداڵێكەوە بۆ منداڵێكی دیكە جیاوازە و زۆر دەگمەنە دوو منداڵ وەك یەك بن، نیشانەكانیش لەرووی پەیوەندی كۆمەڵایەتی، قسەكردن و رەفتارەوە جیاوازن، بەشێكیان قسە ناكەن یان قسەكانیان دووبارەی دەكەنەوە، یان شێوازی دەربڕینیان زۆر تێناگەین، لەرووی پەیوەندی كۆمەڵایەتییەوە تێكەڵی منداڵەكانی تر نابێت و یاریان لەگەڵ ناكات، حەز لە باوەش كردن و ماچ كردن ناكات، سەیری چاوی كەسی بەرامبەری ناكات، زۆرجار توڕە دەبن، رەفتاری نەشیاو ئەنجام دەدەن، هەموو ئەوانەش وا دەكات كە كۆمەڵگە وەك شێت سەیری ئەو منداڵە بكات”.
گووتیشی: ” ئەمەش وا دەكات دەروونی منداڵەكە زیاتر تێك بچێت و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی لاوازتر ببن، لەرووی كرداریشەوە كردارەكانی جیاوازە بۆ نموونە زۆر پێدەكەنێت یان گریانی نائاسایی هەبێت، لە هەمان كاتدا زۆرجار لە خۆیەوە ترسی لە زۆر شت هەیە، رەفتاری زۆر دەكات كە جموجۆڵی زۆری تێدایە و ناڕێكە چەند رەفتارێكی هەیە كە خۆی پێیەوە دەگرێت، لەوانەیە ئەم نیشانانە یان شێوەی هەندێك لەم نیشانانە لە منداڵی نۆ مانگیش دەربكەوێت، خاڵێكی گرنگتر ئەوەیە كە منداڵان لە ئێستادا ئامێری ئەلیكترۆنی زۆر بەكاردێنن بەتایبەت ئەوانەی خوار تەمەن یەك ساڵ كاتێ دایكان و باوكان ئامێرەكان دەخەنە دەست منداڵەكە ئەگەری ئەوە هەیە چەند نیشانەیەكیان لێ دەربكەوێت كە هاوشێوەی ئۆتیزمە، یان ئەوانەی كە نیشانەی ئۆتیزمیان كەمە بەهۆی بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان نیشانەكان زیاتر دەبن.
ئاشكراشی كرد” راستەوخۆ ناتوانرێت بە ئاسانی نیشانەكان دەستنیشان بكرێن و لەسەر یەك یان دوو نیشانە ناتوانرێت بڕیار بدرێت، بۆیە پێویستە بە چەند قۆناخێك نەخۆشییەكە دیاری بكرێت ئەویش لەلایەن پزیشكەكانی منداڵان، دەروونی، مێشك و دەمار، ئەمانە دەكرێ پێكەوە هاوكار بن بۆ ئەوەی نیشانەی ئۆتیزم لە منداڵەكەدا دیاری بكەن، پێویستە لە پێش تەمەنی سێ ساڵی نیشانەكان دیاری بكرێن، بۆ ئەوەی لە كەمترین ماوەدا هەوڵی كەمكردنەوە یان بەپێی جۆری لێهاتووی چارەسەر بكرێت، هەرچی هۆكاری نەخۆشی ئۆتیزمە تا ئێستا بە تەواوی دیاری نەكراوە، بەڵام چەند هۆكارێك هەن وەك بۆماوەیی، كروموسوڵی و بۆهێڵ، ئەوانە رۆڵێكی سەرەكی دەبینن لە تووشبوونی منداڵان بە ئۆتیزم، هەروەها ژەهراوی بوونی دایك لەكاتی دووگیانیدا، تووشبوون بە هەندێك جۆری ڤایرۆس و كۆمەڵێك كێشە و گرفت كە روودەدەن، لەوانەیە ئەوانەش هۆكار بن.
سەبارەت بە چارەسەرییەكانیش، ئاماژەی بەوەدا” تا ئێستا بەشێوەیەكی سەرەكی هیچ دەرمانێكی دیاریكراو نەدۆزراوەتەوە بۆ ئەوەی چارەسەری بكات، بەڵام زوو دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی هەر لە سەرەتاوە راستەوخۆ چارەسەری ئەوە بكرێت كە یارمەتی گەشەی مێشكی بدرێت، ئەوەش لە رێگەی راهێنان، تیم و چارەسەركەران، دەكرێ ببەنە یارمەتیدەرێكی باش بۆ ئەوەی تا رادەیەك هاوكار بن نیشانەكانی كەمتر ببنەوە و كاریگەرییەكانی ئۆتیزم لەسەر منداڵەكە كەم بكرێنەوە، ئەمەش لە منداڵیكەوە بۆ منداڵێكی تر گۆڕانكاری بەسەردا دێت.