زاری كرمانجی-سۆران
بەبۆنەی 21ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پەرلەمانی ئەڵمانیا وەک رێزلێنانێک بۆ کارە مرۆییەکانی دەزگاکە، خەڵاتی رێزلێنانی مرۆیی پێشکەش بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕایگەیاند: ” لە ماوەی داهاتوودا، وەزیری گەشەپێدانی ئەڵمانیا بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە هەرێمی کوردستان. ئاماژەی بەوەش دا، ئامانجی سەردانەکە بۆ رەخساندنی زەمینەیەکی گونجاوە بۆ هەماهەنگی زیاتر و گوتی: “ئێمە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەم سەردانە بە زۆر گرنگ و بایەخدار دەبینین، بەتایبەتی لەم قۆناخەدا کە هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان هەن”.
گووتیشی: “پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان و باشترکردنی ژیانیان تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکانیان دەبێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کار دەکەن بۆ دروستکردنی میکانیزمێکی ئاسایی و یاسایی بۆ ئەو گەنجانەی ئارەزووی کارکردن لە ئەڵمانیا دەکەن، ئەوەش لە رێگەی کردنەوەی خولی زمانی و پیشەیی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی یاسایی و وەک هێزی کار سەردانی ئەو وڵاتە بکەن.
ئەوەشی خستەڕوو: “تێپەڕبوونی 21 ساڵ بەسەر دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانیدا، پەرلەمانی ئەڵمانیا بە فەرمی خەڵاتی رێزلێنانی مرۆیی بەخشییە دەزگاکە. ئەم خەڵاتە وەک پێزانینێکە بۆ رۆڵی کاریگەری دەزگاکە لە هاوکاریکردنی لێقەوماوان و ئاوارەکان لە ناوچەکەدا.
لە دوا پەیڤەكانیدا موسا ئەحمەد سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەکانی. هەروەها دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ و تیمەکانی ناوەندیی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان (JCC) لە هەولێر و دهۆک کرد کە هەمیشە هاوکار و هەماهەنگی کارەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوونە.

































































