شەهلا رەشید- سۆران:
هاووڵاتییانی سۆران خوازیارن بایەخی زیاتر بە رەووشی تەندروستی ئیدارەی سۆران بدرێت و هەوڵبدرێت پزیشكی پسپۆری و كارمەندانی زیاتری تەندرووستی بۆ نەخۆشخانەكان دابین بكرێن.
شەونم عبدالواحید، دەرچووی بەشی دەرمانسازی، بە زاری كرمانجی راگەیاند” گرنگیدان بە لایەنی تەندروستی تاك واتە گرنگیدانە بە لایەنی تەندروستی كۆمەڵگە، ئەمەش واتە دروستبوون و پێگەیشتنی جەستەو بیر و لایەنی كۆمەڵایەتی مرۆڤ، نەك تەنیا دووربوون لە پەككەوتن و نەخۆشی، هەروەها سیستەمی تەندروستی تەنیا چینێك لە كارمەند و فەرمانبەری تەندروستی ناگرێتەوە بەڵكو خەڵك، پزیشك، كارمەند، فەرمانبەر و دەستی كاری بواری تەندروستی…هتد دەگرێتەوە، ئامانجی سیستەمی تەندروستی بریتیە لە دابینكردن و فەراهەمكردنی هەموو خزمەتگوزاریەكی تەندرستی بۆ هاووڵاتییان.
زیاتر گووتی”خۆشبەختانە ئێستا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەوڵی باشتر كردنی كەرتی تەندروستی دەدرێت بۆ ئەوەی زیاتر خزمەت بە هاووڵاتییان بكرێت، هیواخوازین لەگەڵ ئەوەشدا هەلی كار و دامەزراندن بۆ بەشە پزیشكییەكان بڕەخسێنن، چونكە هەر قوتابیەك كاتێ روو لە كۆلێژ و پەیمانگەكان دەكات دوای بەدەست هێنانی بڕوانامە ئاواتی ئەوەیە دابمەزرێت و لەبواری خۆی خزمەتێك بكات دواجار هەم خۆی سودمەند بێت و هەم كۆمەڵگەش .
ئەوەشی خستەروو”دوای ساڵی 2014 دامەزراندن گرفتی تێدا دروست بووە، وەك هەموومان ئاگادارین تەندروستی سۆران بە گشتی زیاتر لە هەموو پێداویستییەكان كەم و كور كارمەندیان زۆرە، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش چەندان دەرچووی بەشە پزیشكییەكانی كولێژ و پەیمانگەكانی دەرمانسازی، پەرستاری و شیكاری نەخۆشییەكان و…هتد بوونیان هەیە كە زۆربەیان لە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان وەك خۆبەخش كار دەكەن.
نیاز حسێن، دانیشتووی قەزای سۆران بە زاری كرمانجی گووت: ” پێویستە ئەو بوارە بڕەخسێندرێت بۆ ئەوەی نەخۆش لەكاتی سەردانی كردنی بۆ نەخۆشخانەكان، زووتر نۆرەی پزیشك و پشكنینەكانی بۆ ئەنجام بدرێت نەك كاتێكی زۆر لە چاوەڕوانی بمێنێتەوە، بۆ نموونە لە نەخۆشخانەی ئاشتی سیستەمێك دانراوە بۆ نۆرەگرتنی نەخۆشەكان زۆر لە كاتی هاووڵاتییان دەگرێت، تا نۆرەی نەخۆشەكە دێت یان هندێ جار تا پشكنینەكان دەگەڕێنەوە كاتەكە تەواو دەبێ و پزیشك لە نەخۆشخانە نامێنێت، ئەمەش كێشەی بۆ خەڵكەكە دروست دەكات، ناچار دەبن رۆژێكیتر سەردانی نەخۆشخانەكە بكەن یان ئێواران بچینە نۆرینگەی تایبەتی”.
گووتیشی ” بە گشی لە سۆران پزیشكی پسپۆڕ زۆر كەمن نەك لە نەخۆشخانە بەڵكو لە نۆرینگەكانیش، بەمەش پزیشك لە هەولێرەوە دێتە سۆران جاری وا هەیە هەفتەی رۆژێك یان دوو رۆژ دادەنیشێت لەو دوو رۆژەشدا قەرەباڵغیەكی زۆر دروست دەبێت، نەخۆش حەز دەكات بە تەنیا بچیتە لای پزیشك كە چی جاری وا هەیە پزیشكەكە لە دوو نەخۆش زیاتر بانگ دەكات، هەروەها كەمی كارمەندانی تەندرووستیش بە هەمان شێوە، هیوادارین پزیشك و كارمەندی زیاتری تەندرووستی بۆ نەخۆشخانەكانی ئیدارەی سۆران دابین بكرێت تا بتوانرێت خزمەتی زیاتری تەندرووستی پێشكەشبە هاووڵاتییان بكرێت.