ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
یەکەمین سەرچاوەی دیجیتاڵی بە زمانی کوردی کە تایبەتە بە فێربوونی ئامێری دەف، لە چوارچێوەی پرۆژەی «دەفیانە» بڵاوکرایەوە؛ هەنگاوێک کە ئامادەکەرەکەی بە گرنگی دەزانێت بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی سەرچاوە ئەکادیمییە کوردییەکان لە بواری موزیک.
محەمەد بەرزنجی، هونەرمەند و ڕۆژنامەنووس، ڕایگەیاند، “کتێبەکە یەکەم سەرچاوەی دیجیتاڵی کوردییە کە بە شێوەیەکی تایبەت بۆ فێرکردنی دەف ئامادە کراوە.” ئەو دەشڵێت، “سەرەڕای ئەوەی دەف یەکێکە لە کۆنترین ئامێرە موزیکییەکانی کورد، تاکو ئێستا هیچ کتێبێکی ئەکادیمی بە زمانی کوردی بۆ فێربوونی ئەم ئامێرە بەردەست نەبوو.”
بەرزنجی ئاماژەی بەوەش دا، “ناوەڕۆکی کتێبەکە هەموو بنەما سەرەتایی و پێشکەوتووەکانی فێربوونی دەف دەگرێتەوە؛ لە شێوازی دروستی گرتنی دەف و ناساندنی نۆتی موزیکەوە، هەتا خوێندنەوەی ریتم و فێربوونی ریتمە کوردی و جیهانییەکان، هەموویان بە شێوەیەکی ئەکادیمی و بە زمانی کوردی ئامادە کراون.” تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم کتێبە ئەوەیە کە تەنها بە دەق سنووردار نییە، بەڵکو سیستەمێکی دیجیتاڵی لەخۆدەگرێت کە لە کۆتایی هەر وانەیەک خوێنەر دەتوانێت گوێ لە نموونەی دەنگی ریتم و شێوازی ژەنینی دەف بگرێت، ئەمەش پرۆسەی فێربوون بە شێوەیەکی کرداری ئاسانتر دەکات.
بەپێی وتەکانی محەمەد بەرزنجی، ئامانجی سەرەکیی پرۆژەی «دەفیانە» پشتگیری لە فێربوونی دەف، زیادکردنی ژمارەی ژەنیارانی ئەم ئامێرە و پاراستن و پەرەپێدانی میراتی موزیکی کوردییە. هەروەها ئاشکراشی کرد، “کە پلانی داهاتوویان بۆ پەرەپێدانی پرۆژەکە و گەیاندنی هونەری دەف بۆ ژمارەیەکی زیاتر لە خوێنەران هەیە.”
محەمەد بەرزنجی، دانیشتووی شاری سلێمانییە و لەگەڵ کاری ڕۆژنامەوانی، زیاتر لە پێنج ساڵ ئەزموونی ژەنینی دەف هەیە. هەروەها ماوەی دوو ساڵ وەک مامۆستای دەف و بەڕێوەبەری گرووپێکی دەف لە شاری چەمچەماڵ کاری کردووە.

































































