ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
کتێبێکی نوێ بە زمانی عەرەبی، کە تایبەتە بە پرسی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی و دۆخی ژیانی ئەو کەسانەی لە دەستی داعش ڕزگاربوون، بە فەرمی بڵاوبووەوە. کتێبەکە پرسی هەستیار دەوروژێنێت و لەلایەن نووسەرێکی عەرەب پێشەکی بۆ نووسراوە.
کتێبەکە بە ناوی «جینۆسایدی ئێزدییەکان؛ لێکۆڵینەوە لە یادگە و دادپەروەری» لە لایەن نووسەر حەسۆ هورمی نووسراوە و ٢١٢ لاپەڕەی هەیە. پێشەکیی کتێبەکەش لە لایەن نووسەری عێراقی، د. سەعد سەلووم، نووسراوە و لە شاری دهۆک چاپ کراوە.
حەسۆ هورمی ڕایگەیاندووە، “ناوەڕۆکی کتێبەکە تەنها باس لە تاوانەکانی داعش ناکات، بەڵکو هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەو ڕێکخراوە، کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگا، هەروەها پرسی پاکتاوی نەژادیش بە شێوەیەکی لێکۆڵینەوەیی تاوتوێ دەکات. بەپێی وتەکانی نووسەر، کتێبەکە هەندێک بابەتی هەستیاریش دەگرێتەوە، لەوانە چارەنووسی منداڵانی لەدایکبووی باوکی داعش و ئاستی پشتیوانی و یارمەتیی نێودەوڵەتی بۆ قوڕبانیانی جینۆساید.
هەروەها لە کۆتایی لێکۆڵینەوەکەدا، پێشنیار و ڕێکارەکان خراونەتەڕوو بۆ ئەوەی جینۆساید و تاوانی لەم جۆرە دژی هیچ پێکهاتەیەکی کوردستان جارێکی تر دووبارە نەبێتەوە.
بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش، لە هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، کۆی ٦ هەزار و ٤١٧ کوردی ئێزدی ڕفێندران و هەزاران کەسی دیکەش کوژران و بێسەروشوێن بوون. تا کۆتایی مانگی ئایاری ٢٠٢٦، ٣ هەزار و ٥٩٥ ڕفێندراو ڕزگار کراون، بەڵام هێشتا نزیکەی ٢ هەزار و ٥٠٠ کەس بێسەروشوێنن.

































































